مه‌سرور بارزانی و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونه‌وه‌

له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن


راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە.

له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و نێڵز ئانن، وه‌زری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه‌.

لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، هه‌ر ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی لەگەڵ چەندین بەرپرس و بڕیار بەدەستی وڵاتان کۆبووەوە، کە گرنگترینیان نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، نێردەی نەتەوە یەکگرووەکان بۆ کاروباری سووریا، وەزیری دەرەوەی ئێران، وەزیری بەرگری بەریتانیا، وەزیری بەرگری تورکیا و یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری ئێران و عێراق بوون.

بڕیاریشه‌ کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی به‌رده‌وامییان هه‌بێت و هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا و وڵاتی ئیمارات و چەند نوێنەرێکی دیکە کۆدەبێتەوە.

دوێنی هەینیش 15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2019، مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سێرگی لاڤرۆف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، فالح فه‌یاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری ئه‌ڵمانیا له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان كۆبووه‌وه‌.