%80ـی منداڵانی عێراق رووبه‌رووى توندوتیژیی بوونه‌ته‌وه‌

یونسێف بەیاننامەیه‌ك له‌سه‌ر دۆخى مندالان لە عێراق بلاوده‌كاته‌وه‌

لە بەیاننامەکەدا رێکخراوی یونسێف بۆ کاروباری منداڵان لە عێراق، بەیاننامەیەک بەبۆنەی رۆژی خۆشەویستی 14ـی شوبات، بڵاو دەکاتەوە و تێیدا باس لەوە دەکات، کە زۆرینەی منداڵانی عێراق رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

له‌م باره‌وه‌ پیتەر هۆکینز، نوێنەری یونسێف لە عێراق رایگەیاندووە، بەبۆنی رۆژی خۆشەویستی (ڤاڵانتاین) ئاهەنگ بۆ خۆشەویستی دەگێڕن و هیچ کەسێکیش هێندەی منداڵ پێویستیی بە نیشاندانی خۆشەویستی نییە.

پیتەر هۆکینز هەروەها رایگەیاندووە، لە عێراق، چەند ساڵێکە منداڵان بەشێوەیەک تووشی توندوتیژی بوون، کە کەم وێنە بووە و ئێستاش لەگەڵ تەواوبوونی شەڕەکان، منداڵان لە ماڵ و قوتابخانەکاندا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. 

نوێنەری یونسێف لە عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەپێی راپرسییەکان، %80ـی منداڵانی عێراق تووشی توندوتیژیی زۆر خراپ بوون و سێ لەسەر یەکی ئەو رێژەیەش تووشی سزای جەستەیی توند لە رووخسار، سەر و گوێیەکان بوون.

پیتەر هۆکینز بەبۆنەی رۆی ڤاڵانتاینەوە، داوای لە دایک و باوکان و بەرپرسانی عێراقی کردووە ”پێکەوە کۆتایی بە توندوتیژی دژی منداڵان بهێنن“.

ساڵانە رۆژی 14ـی شوبات، وەک رۆژێک بۆ خۆشەویستی لەنیوان عاشقان یاد دەکرێتەوە.