د. كه‌مال كه‌ركوكی: كه‌ركوك به‌ خیانه‌ت له‌ده‌ست درا نه‌ك به‌ جه‌نگ

له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی له‌ كوردستانه‌وه‌ی كوردستان تیڤی

د. كه‌مال كه‌ركوكی رایده‌گه‌یه‌نێت: بارودۆخی ئێستای كه‌ركوك زۆر ناخۆش و خراپه‌ خه‌ڵك ژیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌ كوشتن و رفاندن هه‌یه‌، ناحه‌قی هه‌یه‌ .

د. كه‌مال كه‌ركوكی بەرپرسی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوك - گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی له‌ كوردستانه‌وه‌ی كوردستان تیڤی كه‌ ته‌وه‌ری به‌رنامه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ (هه‌وڵه‌كان بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك) رایگه‌یاند: بارودۆخی ئێستای كه‌ركوك زۆر زۆر ناخۆش و خراپه‌ خه‌ڵك ژیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ جوڵه‌ی داعش له‌و شاره‌ و ده‌وروبه‌ری، د. كه‌مال كه‌ركوكی رایگه‌یاند: دڵنیام ئێستاش له‌ناو شاری كه‌ركوك رێكخراوی تیرۆریستی داعش شانه‌ی نووستوویان زۆر هه‌یه‌، ئه‌میرێكی داعش به‌ ناوی عه‌بدوڵلا سه‌عید ئێستا به‌ فه‌رمی به‌رپرسێكی ئه‌منی ناو شاری كه‌ركوكه‌ .

د. كه‌مال كه‌ركوكی راشیگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ین به‌ دیالۆك به‌ هێمنی به‌بێ توندوتیژی له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی بگه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ كه‌ركوك له‌و داگیركاریه‌ی ئێستا رزگاری ببێت.

سه‌باره‌ت به‌ شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر و له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك، كه‌ركوكی رایگه‌یاند: كه‌ركوك به‌ جه‌نگ له‌ده‌ستمان نه‌دا به‌ڵكو به‌ خیانه‌ت له‌ده‌ستمان دا، دڵنیابن ئه‌و ژماره‌ خیانه‌تكاره‌ی ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نه‌بوایه‌، قه‌ت و قه‌ت كه‌ركوك وای به‌سه‌ر نه‌ده‌هات، به‌ڵام خیانه‌ته‌كه‌ كرا و لایه‌نه‌كانی تریش كه‌ بینیان ئه‌و خیانه‌ته‌ هه‌یه‌ ئه‌وانیش چاوپۆشیان لێكرد .

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق، د. كه‌مال وتی: ئێستا  په‌یوه‌ندییه‌كی خۆش له‌ نێوان حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروستبووه‌ چونكه‌ ئه‌و قیاده‌یه‌ی ئه‌وسا هه‌بوو ئێستا نییه‌ و گۆڕاوه‌ .

د. كه‌مال كه‌ركوكی بەرپرسی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوك - گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند: كەركوك پارچەیەكە لە كوردستان و ئێمە كار دەكەین بۆ ئەوەی كەركوك له‌گه‌ڵ كوردستان بێت به‌و مانایه‌ نا كه‌ ئه‌وه‌ی غه‌یری كورده‌ لێی ده‌ر بكه‌ین به‌ڵكو به‌و سروشته‌ی خۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان بێت .