كوێت 85 ملیۆن دۆلار به‌ عێراق ده‌به‌خشێت

پێشتر سێ قه‌رزی به‌خشیوه‌

سندوقی كوێت بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری عه‌ره‌بی رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ سندوقی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیان لێكه‌وتووه‌كانی كرده‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ عێراق واژووكرد.

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ كوێت، 85 ملیۆن دۆلار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌ ھۆی ھێرش و كرده‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ عێراق ده‌به‌خشێت.

سندوقی كوێت بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری عه‌ره‌بی كه‌ سه‌ربه‌ حكوومه‌تی كوێته‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ورده‌كاری زیاتری له‌باره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ خستووه‌ته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، گرێبه‌سته‌كه‌ قۆناغی دووه‌م و ته‌واوكردنی كۆی گشتی ئه‌و 100ملیۆن دۆلاره‌یه‌ كه‌ پێشتر كوێت له‌ كۆنگره‌ی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش رایگه‌یاندبوو بۆ پڕۆسه‌ی دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان به‌ عێراق ده‌به‌خشێت

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ھاتووه‌ "پێشتر كوێت له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ٢٠١٨، وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م، ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیتانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چاككردنی كه‌رتی كاره‌با و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی بۆ ٣٢ نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌ی ته‌ندروستی له‌ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان به‌ عێراق به‌خشیوه‌".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، پێشتر كوێت سێ قه‌رزی به‌ ٩٨ ملیۆن دۆلار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی كه‌رتی وزه‌، پیشه‌سازی و فێركردن داوه‌ به‌ عێراق، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان له‌ كه‌رتی كۆمه‌ڵایه‌تی، كوێت ٢٨٦ میلۆن دۆلاری به‌ عێراق به‌خشیوه‌.