مەشعان جبووری: بارزانی و پارتەكەی هەمیشە لە لووتكەدان

سەلماندیان كە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستاندا، هەمیشە لە لوتكەدان


 مەشعان جبووری، سیاسەتمەداری عێراق دەڵێ، بارزانی و پارتەكەی، سەلماندیان كە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستاندا، هەمیشە لە لوتكەدان. دەشڵێ، هەڵوێستی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بە مافەكانی گەلی كورد ئەرێنییە.

جبووری، بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر، بۆ حیكمەتی سەرۆك بارزانی دەگێڕێتەوە و دەشڵێت: "دوای ساڵی ٢٠٠٦، یەكەم جارە پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر لە ئاستێكی وەها باشدان، بە تایبەت نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك عادل عەبدولمەهدی، هەڵوێستی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش سەبارەت بە مافەكانی گەلی كورد، ئەرێنییە و لەگەڵ ئەوەدایە كێشەكان بە گفتوگۆ چارە بكرێن".

ئەو كەسایەتییە سیاسییە پێشی وایە، سەرۆك بارزانی و پارتەكەی سەلماندیان كە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستاندا هەمیشە لە لوتكەدان، بێگومان پرۆسەی سیاسییش لە عێراق و كوردستاندا بەبێ سەرۆك بارزانی و پارتی بەڕێوە ناچێت و كەسیش ناتوانێت خۆی بەسەر گەلی كورددا بسەپێنێت.

جبووری دەڵێت: "بارزانی توانیی گۆڕانگارییە سیاسییەكانی عێراق لە بەرژەوەندیی گەل و هەرێمەكەی بەكار بهێنێت، بینییشمان لە دەنگدانی بوودجەدا توانییان پشكەكەی خۆیان بچەسپێنن، جگە لەوە، سەرۆك بارزانی توانیویەتی پەیوەندییەكی بەهێزى لەگەڵ تەواوی وڵاتان هەبێت، هەروەها توانی مەیلی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپاش بۆ كوردستان ڕابكێشێت."

ئەو، سەبارەت بە بیرۆكەی دامەزراندنی هەرێمی سوننەیش دەڵێت: "دوای ئاوارەبوونی عەرەبە سوننەكان بۆ هەرێمی كوردستان، بیرۆكەی دامەزراندنی هەرێم لایان دروست بوو و هەروەها ناوچە سوننەنشینەكانیش لەگەڵ ئەوەن هەرێمێكی هاوشێوەی كوردستانیان هەبێت، ئێستاش سوننەكان ستایشی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان دەكەن، كە توانییان هەرێمێكی وەك كوردستان لە ناوچەكەدا بۆ خۆیان دروست بكەن."

ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتى كوردستان