به‌هۆى سووتانى خێوه‌تێك لە كەمپی حەسەن شام هاووڵاتییەك گیانی لە دەستدا

كەسێكی تریش بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لە دەستدا

لە كەمپی حەسەن شام، ئاگر لە خێوەتێك بەربوو، كه‌ بەهۆیەوە هاووڵاتییەك گیانی لە دەست دا، بەڕێوبەری كەمپەكەش دەڵێت، جگە لەمە كەسێكی تریش بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لە دەست داوە.
 
رەشید سفتی بەڕێوەبەری كەمپی حەسەن شام، رایگەیاند" بە هۆی دوو حالەتی جیاواز ئەمڕۆ دووشەممه‌ دوو كەس لە كەمپ گیانیان لە دەستداوە.

زیاتر گوتی" بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممه‌، ئاگر لە یەكێك لە خێوەتەكان بەربوو، بەهۆیەوە گەنجێك كە تەمەنی سەرووی 20 ساڵ دەبوو، سووتا، ئەگەرچی دەستبەجێ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێر، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكانی و زۆری رێژەی سووتانەكەی گیانی لە دەست دا".
 
سفتی روونی كردەوە بەهۆی ئەوەی حكوومەتی عێراق نەوتی بەسەر ئاوارەكان دابەش نەكردووە، ئەمەش وایكردووە پەنا ببەنەبەر هۆی تر بۆ خۆ گەرم كردنەوە لە سەرمای زستان. 

گوتیشى" ئەو كەسەی بەهۆی ئاگر كەوتنەوە گیانی لە دەستداوه‌ نەخۆشی پەركەمی هەبووە، كاتێك ویستوویەتی هەڵسێتە سەر پێ، نەخۆشییەكە گرتوویەتی و كەوتووە بەسەر ئەو ئاگرەی لەناو خێوەتەكە هەڵكرا بوو بۆ خۆ گەرم كردنەوە، بەمەیش ئاگرەكە بڵاوەی كردووە و تەواوی خێوەتەكەی گرتەوە و خێزان و مناڵەكانی لە خێوەتەكە رایان كردووەتە دەرەوە، كه‌  بەهۆی گەورە بوونی ئاگرەكەوه‌ نەتوانراوە كەسەكە رزگار بكرێت.