حەوت کۆچبەرە کوردەکەی دەریای ناوەڕاست رزگارکران

سەرجەمیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن

سەرۆکی رێکخراوی لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند،ئەو حەوت کۆچبەرە کوردەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە دەریای سپی ناوەڕاستدا گیریان خواردبوو گەیشتنەوە شاری ئیزمیری تورکیا.

ئاری جەلال سەرۆکی رێکخراوی لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بە رێگای نایاسایی و لە تورکیاوە بە شاحینە روویان لە فەرەنسا کردبوو گەڕێندرانەوە تورکیا و سەلامەتن.

سەرۆکی دەزگای لوتکە رونیشیکردەوە ئەو کۆچبەرانە ژمارەیان حەوت کەس بووە و سەرجەمیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن.

ناوبراو ڕوونیشیکردەوە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو حەوت کۆچبەرە کوردە بەشێوەیەکی نایاسایی رێککەوتنیان لەگەڵ قاچاخچییەکان کردووەو، بە شاحینە لە وڵاتی تورکیاوە بەرەو فەرەنسا رۆیشتوون، بەڵام دوای ئاشكرابوونیان دەستگیرکراون و چونەتە وڵاتی ئیتالیا.

ئاری جەلال وتیشی، دوای هەوڵی دەزگاکەیان، ئەمڕۆ یەکشەممە حەوت کۆچبەرەکە گەیشتنە شاری ئیزمیر لە تورکیا و لەئێستاشدا سەرجەمیان لە بنکەیەکی پۆلیسی ئەو شارەن و سەرجەمیان سەلامەتن.