وتارخوێنی هه‌ینیی تاران: ده‌توانین بۆمبی ئه‌تۆم درووستكه‌ین به‌ڵام نایكه‌ین

خاته‌می: حه‌زناكه‌ین چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ درووستبكه‌ین

ئه‌حمه‌د خاته‌می وتاربێژی هه‌ینیی شاری تارانی پایته‌ختی ئێران و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردنی رێبه‌ری ئه‌م وڵاته‌ ده‌ڵێت خاوه‌ندارێتیی وزه‌ی ئه‌تۆمیی بۆ وڵاته‌كه‌ی چاره‌نووسسازه‌ و زانایانی وڵاته‌كه‌یشی ده‌توانن چه‌كی ئه‌تۆمیی درووست بكه‌ن.

خاته‌می له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ شاری مه‌شهه‌دی ئێران له‌مباره‌یه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی زیاتریدا و وتی: حكومه‌تی ئێران هیچكات نیازی درووستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمیی نه‌بووه‌، هه‌ڵبه‌ت شێوازی پیتاندن و درووستكردنی ئه‌مجۆره‌ چه‌كه‌ ده‌زانین، به‌ڵام حه‌زناكه‌ین چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ درووستبكه‌ین.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا به‌رده‌وام رایانگه‌یاندووه‌ نیازی درووستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمییان نییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دیار له‌ناو به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران باس له‌وه‌ ده‌كات حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی شێوازی پیتاندنی یۆرانیۆم به‌ مه‌به‌ستی درووستكردنی چه‌كی ئه‌تۆم ده‌زانێت. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مانه‌ش ئه‌حمه‌د خاته‌می ورده‌كاریی زیاتری له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌خسته‌ڕوو.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ رادیۆ فه‌ردا