ترامپ: كۆریای باكوور ده‌بێته‌ هێزێكی ئابووریی مه‌زن

بڕیاره‌ دووه‌م دیداری نێوان ترامپ و كیم جونگ ئون رۆژانی 27 و 28ـی شوبات له‌ وڵاتی ڤیێتنام به‌ڕێوه‌ بچێت

دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا وێڕای پێشوازیی له‌ دیداری داهاتووی خۆی له‌گه‌ڵ كیم جونگ ئون رێبه‌ری كۆریای باكوور، له‌ تویته‌ری خۆیدا نووسیویه‌تیی كۆریای باكوور ده‌بێته‌ هێزێكی ئابووریی مه‌زن.

سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا شه‌وی هه‌ینی له‌ هه‌ژماری تویته‌ری خۆیدا رایگه‌یاند كه‌ دیداره‌كانی نێوان نوێنه‌رانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پیۆنگ یانگ بونیاتنه‌ر بووه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی نووسیی: به‌په‌رۆشم بۆ دیدار له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كیم و به‌ره‌وپێشبردنی پڕۆسه‌ی ئاشتیی. هه‌روه‌ها دڵنیام كۆریای باكوور له‌ژێر رێبه‌رایه‌تیی كیم جونگ ئون ده‌بێته‌ هێزێكی ئابووریی مه‌زن، هه‌ڵبه‌ت له‌وانه‌یه‌ ئه‌و بووبێته‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان بۆ هه‌ندێك كه‌س، به‌ڵام من هیچ تووشی سه‌رسوڕمان نه‌بووم، چونكه‌ من ئه‌وم به‌باشیی ناسیوه‌ و ده‌زانم چه‌ند به‌توانایه‌.

بڕیاره‌ دووه‌م دیداری نێوان ترامپ و كیم جونگ ئون رۆژانی 27 و 28ـی شوبات له‌ وڵاتی ڤیێتنام به‌ڕێوه‌ بچێت.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ ده‌نگی ئه‌مریكا