له‌17ی مانگ بڕیاری لابردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومرگییه‌كانی فایده‌ و شێراو و له‌یلان و ئه‌وانی تر هه‌ڵده‌گیرێن


ده‌سته‌ی گشتی گومرگی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا به‌ وردی ئه‌و ڕێكار و خاڵانه‌ی ڕاگه‌یاند، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون و له‌ حه‌ڤده‌ی ئه‌م مانگه‌وه‌یش بڕیاری لابردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان ده‌خرێنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی گشتی گومركی عێراق هاتووه‌، گومرگی فیدرالی عێراق و گومرگی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی یه‌كشه‌م حه‌ڤده‌ی شوبات به‌ هه‌ماهه‌نگی ته‌واوه‌وه‌ خاڵه‌ گومرگییه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوولا لاده‌به‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو كاروباری بازرگانی و هه‌نارده‌ و هاورده‌كردن ڕێك ده‌خه‌ن و له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكیش ڕێككه‌وتووین كه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌: 

باجی گومرگی له‌ هه‌موو ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان یه‌ك ده‌خرێ له‌ ده‌روازه‌كانی سنووری هه‌رێمی كوردستانیش، كه‌ له‌ ده‌روازه‌ی په‌روێزخان و باشماخ و ئیبراهیم خه‌لیل و حاجی ئۆمه‌ران و فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی پێك دێت.

 هه‌روه‌ها : باج و پوول و ڕێنمایی گومرگی به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی به‌ گوێره‌ی یاسای گومرگ ڕێك ده‌خرێنه‌وه‌.

 له‌ خالێكی دیكه‌دا هاتووه‌ سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومرگییه‌كانی فایده‌ و شێراو و له‌یلان و ئه‌وانی تر هه‌ڵده‌گیرێن و به‌ ته‌واوی پشتیوانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كرێ و كێبه‌ركێی سوودبه‌خش بۆ باشتركردنی كوالێتی له‌ نێوان بازرگانان دروست ده‌كرێ