عێراق و ئێران گرێبه‌ستێكيان واژۆكرد

ئه‌مڕۆ هه‌ینی

ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئێران گرێبه‌ستێكی هاوكاری له‌ نێوان ئێران و عێراق واژوو كرا، له‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا هاوكاری هه‌ردوو وڵات، ناوچه‌ و رێژه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری و راهێنانی هێزی مرۆیی له‌ بواری كاره‌بادا ده‌ستنیشانكرا.

ڕه‌زا ئه‌رده‌كانیان وه‌زیری وزه‌ی ئێران له‌م مه‌ڕاسیمی واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان كاره‌با بۆ‌ گه‌لی عێراق دابین ده‌كه‌ین، جیا له‌وه‌ش زانست و ئه‌زموونی خۆمان له‌ بواری پیشه‌سازی كاره‌با ده‌خه‌ینه‌ خزمه‌ت وڵاتی دراوسێ.

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: كۆمپانیاكانی حكو‌می و ئه‌هلی ئاماده‌ییان تێدایه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ چالاكییه‌كانیان ده‌ست پێبكه‌ن، له‌وانه‌ش نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وێستگه‌كانی كاره‌با كه‌ له‌ شه‌ڕی داعش زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، له‌ هه‌مووشی گرنگتر راهێنانی هێزی مرۆیی به‌ شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتووه‌ كه‌ بتوانن له‌ دواڕۆژدا به‌ باشی كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

ئه‌رده‌كانیان هیواشی خواست له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بتوانن ته‌واوی مادده‌كانی ئه‌م گرێبه‌سته‌ به‌ باشی جێبه‌جی بكه‌ن، لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ لوئه‌ی خه‌تیب‌ وه‌زیری كاره‌بای عێراق ڕایگه‌یاند كاری له‌ پێشینه‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ گه‌یاندنی كاره‌بایه‌ بۆ هاونیشتیمانیانی عێراق، چونكه‌ له‌ ئێستادا عێراق دۆخێكی خراپی بێ كاره‌بایی به‌سه‌ر ده‌بات،  هیواشی خواست دوا به‌دوای جێبه‌جێكردنی ئه‌و گرێبه‌سته‌ كێشه‌كانی نه‌بوونی كاره‌با چاره‌سه‌ر بكرێت، ناوبراو ڕایگه‌یاند لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ شاره‌زایانی هه‌ردوو وڵات پێكهێنراوه‌ تاكوو به‌ زووترین كات مادده‌كانی ئه‌و گرێبه‌سته‌ بكه‌ونه‌ واری جیبه‌جێكردن.