فیلمه‌كه‌ی " دێركی" پێشبركێی خەڵاتی " باشترین فیلمی دۆكیۆمێنتاری" لە ئۆسكار ده‌كات

كاری دەرهێنانی بۆ چەندین فیلمی كورت و درێژكردووە


فیلمی دۆكیۆمێنتاری "   Of Fathers and Sons" كە  له‌ لایه‌ن سینەماكاری كوردی ڕۆژئاوای كوردستان " تەلال دێركی " كاری دەرهێنانی بۆ ئه‌نجامدراوه‌ ،له‌ ئێستادا بۆ پێشبركێی خەڵاتی (باشترین فیلمی دۆكیۆمێنتاری) لە ئۆسكار هەڵبژێردراوە .

ئەم فیلمە دۆكیۆمێنتارییە لە نێوان سەدان فیلمی دۆكیۆمێنتاری جیهانی بۆ بەشداربوون لەو پێشبركێیە هەڵبژێردراوە و بڕیاریشه‌ دەرهێنەرەكەی خۆی ئامادەی ڕێوڕەسمەكە ببێت ، چیرۆكی ئەم فیلمەش باس لە گەڕانەوەی دەرهێنەری ئەم فیلمە دەكات بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، تاوەكو لەگەڵ خێزانێكی ئیسلامی ژیانی ڕۆژانەیان وێنە بگرێت.

فیلمی دۆكیۆمێنتاری "   Of Fathers and Sons" ، دواین فیلمی ئەم دەرهێنەرە كوردەیە، كە فیلمی پێشووتری بەناوی "The Return to Homs" بوو، لە فێستیڤاڵەكاندا دەنگدانەوەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینی و بووە جێی سەرنجی بینەرانی .

 دەرهێنەر وسیناریستی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان " تەلال دێركی"  ساڵی 1977 لە دیمەشق لە دایكبووە ،  ساڵی 2003 لە پەیمانگەی باڵای سینەمای لە ئەسینا تەواو كردووە، لەو كاتەوە كاری دەرهێنانی بۆ چەندین فیلمی كورت و درێژی لەسەر ژیانی كۆچبەران كردووە .

 دێركی جگه‌ له‌ كاری ده‌رهێنان وەكو وێنەگر لە چەندین ئاژانسی جیهانی و كەناڵی عەرەبی و ئەمریكی وەكو كەناڵی CNNی ئەمریكی و ئاژانسی Reuters و لە چەند دەزگایەكی میدیایی كاری كردووە، لە ساڵی 2014 وە لە شاری بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا ژیان به‌سه‌رده‌بات .