چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا داعش هێرشی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات

له‌ عێراق و سووریا بوونه‌ته‌ تۆڕێكی نهێنی

سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌نتۆنیۆ گوتیرێس له‌ راپۆرتی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا كه‌ پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌، رایگه‌یاند "داعش له‌ عێراق و سووریا بووه‌ته‌ تۆڕێكی نهێنیی و به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جیهانیی".

له‌و راپۆرته‌دا كه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی، میكانیزمی چاودێری سزا، رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماده‌كراوه‌ هاتووه‌ "داعش له‌ عێراق و سووریا بووه‌ته‌ تۆڕێكی نهێنیی و به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جیهانیی. گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ بیانیانه‌ی ئازادكراون و شوێنگۆڕكێیه‌كان ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ زیاد ده‌كات".

له‌ راپۆرته‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێشتا له‌ لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی-یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، به‌ڵام به‌رپرسه‌ باڵاكانی په‌رته‌وازه‌ بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ رێكخراوه‌كه‌ پێشینه‌ ده‌دات به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ ناوخۆییه‌كان و له‌ عێراق گۆڕاوه‌ بۆ تۆڕێكی نهێنیی و له‌ قۆناغی راگوزه‌ر، گونجان و به‌هێزبوونه‌وه‌دایه‌ و له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا خانه‌كانی رێكخستووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی ریكخراوه‌كه‌ كه‌ له‌ سووریاوه‌ رووده‌كه‌نه‌ عێراق ده‌خرێنه‌ سه‌ر تۆڕی رێكخراوه‌كه‌ له‌و وڵاته‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ سووریاش داعش له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك وڵاته‌وه‌ بكرێته‌ پێكهاته‌یه‌كی هاوشێوه‌ی تۆڕه‌كه‌ی عێراق.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ داعش "له‌سه‌رده‌می دوای خه‌لیفه‌دا" ئامانجی ئه‌وه‌ بووه‌ سه‌قامگیریی، دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ په‌كبخات، ژێرخانه‌كان به‌ ئامانج بگرێت و رێگریی بكات له‌ به‌ره‌وپێشچوونی ئابووریی، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ناوه‌ندی قورسایی رێكخراوه‌كه‌ له‌ عێراق و سووریا ببێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "داعش به‌رده‌وامه‌ له‌وه‌ی به‌ بانگه‌شترین گرووپی تیرۆریستیی بێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هێرشی ئاڵۆزی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات. رێكخراوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵ بدات په‌لاماری گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بدات و خواسته‌كانی بۆ به‌كارهێنانی مادده‌ی كیمیاویی، بایۆلۆجیی، رادیۆلۆجیی و ئه‌تۆمیی درێژه‌ی هه‌یه‌".

باس له‌وه‌شكراوه‌ جه‌نگاوه‌ره‌ بیانییه‌كان كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕ دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌ و به‌ ئازادیی هێڵراونه‌ته‌وه‌، دووباره‌ ده‌ستیان به‌ چالاكبوونه‌وه‌ كردووه‌ و هۆشداریی ئه‌وه‌ش دراوه‌ كه‌ ئاستی هه‌ڕه‌شه‌كانیان به‌رزده‌بێته‌وه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌و ژنانه‌ی توندڕه‌وبوون یان ئه‌و منداڵانه‌ی تووشی برینداری ده‌روونی هاتوون، ببنه‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ داعش بازرگانیی نایاسایی زێڕی كردووه‌ و رێكخراوه‌كه‌ هێشتا ده‌ستڕاگه‌یشتنی به‌ ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دۆلار سه‌رچاوه‌ی دارایی هه‌یه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "رێكخراوه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ی له‌ سووریا و عێراق كۆنترۆڵی كردوون، ١٤ بۆ ١٨ هه‌زار جه‌نگاوه‌ری هه‌یه‌ كه‌ سێ هه‌زاریان بیانیین".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت له‌ عێراق نزیكه‌ی سێ هه‌زار چه‌كداری داعش چالاك بن.