واژو بۆ بە هەرێم بوونی بەسرە دەست پێدەکاته‌وه‌

پارێزگاکەیان شادەماری ئابووری عێراقە، بەڵام پەراوێزخراوە

هاوینی ساڵی رابردوو له‌ به‌سره‌ به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری له‌م شاره‌ ده‌ستی پێكرد، دواتر حكوومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو حه‌یده‌ر عه‌بادی چه‌ند بریارێكی ده‌ركرد له‌به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانه‌كه‌ی، به‌ڵام سەرجەم ئەو چارەسەرانەی حكومەتی فیدراڵی پیادەی كردوون، كاتی بوون.

چالاکوانان و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی بەسرە، پرسی بە هەرێم بوونی پارێزگاکەیان دەورژوێننەوە و لە رێگەی ئەنجومەنی خۆجێی و حکومەتی فیدراڵییەوە کار لەسەر دۆسیەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەکرد؛ جارێکی دیکە چالاکی سیاسی و جەماوەریی دەستپێدەکەنەوە بۆ بەهەرێم کردنی پارێزگاکەیان، چونکە پێیانوایە بەبێئەوەی ببنە هەرێمێکی سەربەخۆ ناتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن، لەگەڵئەوەشدا ئەنجومەن و پارێزگای بەسرە تووشی شەرمەزاری بوون کە ناتوانن وەڵامدەرەوە خواستەکانی دانیشتوانی شارەکە بن.

ماجیدە مەیاحی، یەکێک لە نوێنەرانی بەسرە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: پارێزگاکەیان شادەماری ئابووری عێراقە، بەڵام پەراوێزخراوە لەلایەن حکومەتەکانی پێشوی عێراق و حکومەتی ئێستاشەوە، بۆیە ناکرێت چیتر ئەوە قبوڵ بکرێت.

پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (2019) لەلایەن پەرلەمانەوە، ناڕەزایەتی چالاکوانان و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکان و ئەنجومەنی خۆجێی پارێزگای بەسرەی لێکەوتەوە، بەوەی ئەو بودجەیەی بۆ پارێزگاکەیان تەرخانکراوە لە ئاستی داهاتی شارەکە و پڕۆژەکانیدا نییە و بۆ ئەوەش دووبارە هەڵمەتی کۆکردنەوەی ئیمزا  و هەوڵەکانیان بۆ بە هەرێم بوونی بەسرە دەست پێدەکەنەوە.