عێراق له‌ مانگی رابردوو سه‌رووی شه‌ش ملیار دۆلار نه‌وتی فرۆشتووه‌

رۆژانه‌ بڕی 3 ملیۆن و 649 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو له‌ رۆژێكدا له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می رابردوو گه‌یشتووه‌ته‌ سێ ملیۆن و 649 هه‌زار به‌رمیل و نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتیش به‌ بڕی 56,164 دۆلار فرۆشراوه‌.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌مانگی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ هه‌نارده‌كراو و فرۆشراوه‌ و نرخ و سه‌رچاوه‌ و كێڵگه‌كانیش ئاشكراكراوه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ كردوویه‌تی به‌ نه‌ریت هه‌موو مانگێك له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ راگه‌یه‌ندراو بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌مانگی رابردوو عێراق "113 ملیۆن و 111 هه‌زار و 437 به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كردووه‌ و بڕی شه‌ش ملیار و 352 ملیۆن و 753 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی لێ به‌ده‌ستهاتووه‌".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش هاتووه ‌"بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقه‌وه‌ هه‌نارده‌كراوه‌ بریتی بووه‌ له‌ 110 ملیۆن و 245 هه‌زار و 281 به‌رمیل، هه‌رچی كێڵگه‌كانی كه‌ركوكه‌ بڕی 2 ملیۆن و 315 هه‌زار و 381 به‌رمیل نه‌وتییان لێ هه‌نارده‌كراوه‌ و كێڵگه‌ی گه‌یاره‌ش بڕی 550 هه‌زار و 775 به‌رمیل نه‌وتی لێ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ كراوه‌".

له‌درێژه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ هاتووه‌ رۆژانه‌ عێراق بڕی 3 ملیۆن و 649 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌كردووه‌ له‌ رۆژێكدا و ئه‌و نه‌وته‌ هه‌نارده‌كراوه‌شی كه‌ فرۆشراوه‌ نرخی به‌رمیلێكی به‌ 56،164 دۆلار بووه‌.