جۆن تراڤۆڵتا رۆڵ له‌ فیلمێكی كورديدا ده‌بینێت

ته‌نیا تله‌یله‌رى فلیمه‌كه‌ى له‌ یووتیووب 139,108 بینه‌رى هه‌بووه‌


بە بەشداری ژمارەیەك ئەكتەری دیاری جیهانی ، ده‌رهێنه‌ری كوردی دانیشتووی وڵاتی سوید " كارزان قادر " له‌ هۆڵییود فلمێكی ئەكشن بەرهەمدەهێنێت و مانگی شوباتی ئەمساڵ نمایشده‌كرێت .

ناوی ئه‌و فیلمه‌ كه‌  دەرهێنەری كوردی دانیشتووی سوید  " كارزان قادر " كاری ده‌رهێنانی بۆ ئه‌نجامداوه‌ " Trading Paint " ه‌ ، لە دیارترین ئەو ئەكتەرانەی بەشداری ئەم فلمەیان كردووە  " جۆن تراڤۆڵتا- ڕۆسابێل لاورێنتی- میكایل مادسێن و شانیا تواین" ن ، ته‌نیا تله‌یله‌رى فلیمه‌كه‌ى له‌ یووتیووب 139,108 بینه‌رى هه‌بووه‌.

ئه‌م فیلمه‌ له‌ جۆری ئەكشن و سەركێشییە و لە ئەمریكا و ئیسپانیا كاری دەرهێنانی بۆ كراوە ، چیرۆكی فیلمەكە باس لە شۆفێرێكی پێشبركێی ئۆتۆمبێل دەكات، كە هەوڵدەدات بەسەر كێشەكانی نێوان كارەكەی و خێزانەكەیدا زاڵ ببێت ، دەیەوێ هاوسەنگییەك بدۆزێتەوە لەنێوان ئەو كێشانەی كە لەگەڵ هاوپیشەكەی و لە هەمان كاتدا لەگەڵ هاوسەرەكەی درووست دەبێت .

كارزان قادر لەساڵی 1990 كاتێك تەمەنی نۆ ساڵ بوو، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە كۆچیان كرد بۆ ئەوروپا و لەوڵاتی سوید نیشتەجێبوون، لەساڵی 2007دا خۆی لەپەیمانگای هونەری (SADA) ناونوسكرد بۆ خوێندنی دەرهێنان ، ناوبراو كورتە فلمی (بێكەس) ی دەرهێنا و خەڵاتی ئۆسكاری خوێندكاری بردەوە، كە دواتر لەژێر هەمان ناودا كردی بەفلمی درێژ.