ده‌لاك و دنیا به‌شداری له‌ فێستیڤاڵی قومره‌ له‌ به‌سره‌ ده‌كات

ساڵی 2019 لە چەندین فێستیڤاڵی دیكه‌ بەشداری ده‌كات

لە نووسین و دەرهێنانی سینەماكاری ناسراوی كورد  " شوان عەتوف " كورتە فیلمی " دەلاك و دنیا " به‌شداری له‌ بەشی پێشبركێی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی قومرە له‌ شاری به‌سره‌ دەكات . 

كورتە فیلمی " دەلاك و دنیا " لە شاری سلێمانی وێنەی گیراوە و ماوەكەی (14) خولەكە ،  چیرۆكی فیلمەكە ژیانی دەلاكێكی كورد دەگێڕیتەوە كە دووبارە بوونەوەی ستەمكاری و هەڵوەشانەوەی كۆمەڵایەتی فرسەتی نادەن دیكۆری دەلاكخانەكەی بگۆڕێت .

فێستیڤاڵی قومرە ساڵانە لە پارێزگای بەسرە بە بەشداری فیلمی وڵاتانی جیهان بەڕێوە دەچێت و چەندین سینەماكاری ناوخۆیی و جیهانی بەشداری تێدا دەكەن ، ستافی ئاماده‌كردنی ئه‌م كورته‌ فیلمه‌ بریتیین له‌ ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندی لێهاتوو ، هه‌ریه‌ك له‌ " كه‌ریم سالح و محه‌مه‌د جه‌زا " رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ فیلمه‌كه‌ ده‌گێرن .


كورتە فیلمی (دەلاك و دنیا) لە یەكەمین بەشداری دا لە خولی شەشەمینی فێستیڤاڵی دهۆك بەشداریی كردووە و، بڕیارە بۆ ساڵی 2019 لە چەندین فێستیڤاڵی تر بەشداری بكات، كۆمپانیای  Zak Film مافی بڵاوكردنەوەی لە ئەستۆ گرتووه‌ .