وەرگێڕی زمانی كوردی لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق دادەنرێت

بەگوێرەی مادەی 4ی دەستووری عێراق زمانى كوردی فەرمییە

دوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی كورد لە هۆڵی پەرلەمان بە كوردی قسەی كرد و سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتارە عەرەبەكان لێی تێ نەگەیشتن، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵی دابین كردنی وەرگێڕی زمانی كوردی دەخاتە بەرنامەی كارەكانی. جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، ژووری وەرگێڕی زمانی كوردی لەناو هۆڵی پەرلەمان دادەنرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممه‌ ، د. بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە هەوڵی دانانی ژووری وەرگێڕی زمانی كوردی دان لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق.

زمانی كوردی بەگوێرەی مادەی چواری دەستووری عێراق و یاسای ژمارە حەوتی ساڵی 2014ی زمانە فەرمییەكان لە عێراق، هاوشانی زمانی عەرەبی، زمانی فەرمییە و دەبێت لە سەرجەم فەرمانگە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراقی كاری پێ بكرێت هەر لە سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان، تەنانەت وەزیر و پەرلەمانتاری كورد بۆی هەیە بە زمانی دایك قسە بكات.

د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەداوە كە فەرمانیان بە فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە لەناو هۆڵی پەرلەمان وەرگێڕ بۆ زمانی كوردی دابنێن و رێگە دراوە ئەندامانی پەرلەمان بە زمانی كوردی قسە بكەن، گوتی "بڕیارەكە دراوە و تەنیا كارە هونەرییەكە ماوە لەگەڵ ئامێرە ئەلكترۆنییەكەدا، ھەروەھا ژووری ڕاگەیاندن لە ناو ھۆڵی پەرلەمان دادەنرێت، چەند كەسێكیش وەك وەرگێڕ تاقی كراونەتەوە".

پێشتریش لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن د.محەمەد شاكر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی بەڵێنیدا كە بە جلوبەرگی كوردی و زمانی كوردی بچێتە پەرلەمان، لە ماوەی رابردووشدا گرتە ڤیدیۆیەكی ناوبراو بڵاوكرایەوە كە بە كوردی لە هۆڵی پەرلەمان قسە دەكات بەڵام سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتارە عەرەبەكان لێی تێ ناگەن، دواتریش ئەو پەرلەمانتارە داوا لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات كە وەرگێڕی كوردی لە پەرلەمان دابنێن.

لە سێ خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق ئەو پرسە فەرامۆش كرا بوو، پەرلەمانتارە كوردەكانیش هیچ گرنگییەكیان بەو پرسە نەداوە ئەگەرچی زمانی عەرەبی یەكێك بووە لە لەمپەرەكانی بەردەمیان لە دەربڕینی بۆچوونەكانیان لەمەڕ پرس و مشتومڕەكانی ناو پەرلەمان كە وەك پێویست نەیانتوانیوە ئەو بۆچوونە بگەیەنن، بەڵام هەوڵ و بزاوتێك نەبووە.