په‌یامی سه‌رۆك بارزانی به‌بۆنه‌ی بیسته‌مین ساڵی دامه‌زراندنی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان

دامه‌زراندنی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان وه‌رچه‌رخانێك بوو له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردستان

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی بیسته‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و ستاف و سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

دامه‌زراندنی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان وه‌رچه‌رخانێك بوو له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردستانی و ڕۆڵی به‌رچاوی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری پێكه‌وه‌ژیان و خزمه‌تكردنی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌ماندا هه‌بووه‌ و كاریگه‌ریی له‌ناو میدیای كوردیدا دیاره‌. هه‌روه‌ها پابه‌ندی بنه‌ماكانی ڕاستگۆیی و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی و ئامانجه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان بووه‌ و به‌رهه‌م و ده‌ستكه‌وته‌كانی جێگه‌ی شانازییه‌.

له‌و بۆنه‌دا هیوادارم ده‌زگای سه‌ته‌لایه‌تی كوردستان به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ شێواز و ئامرازی سه‌رده‌میانه‌ و به‌ گوڕوتینێكی زیاتر به‌رده‌وام بێت له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی جیاوازییه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی لێ ده‌كرێت كه‌ ببێته‌ میدیایه‌كی كارامه‌ و له‌ ئاستی گۆڕانكاریی و پێشهاته‌كان بێت و به‌ شاییسته‌ترین شێوه‌ ماف و داواكارییه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان و مێژوو و به‌ها به‌رزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بناسێنێت و بره‌ویش به‌ خۆشه‌ویستیی نیشتیمان و هۆشیاریی گشتی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ بدات.

ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م و پێزانینم بۆ ئه‌رك و ماندووبوونتان هه‌یه‌.

مسعود بارزانی

17ـی 1ـی 2019