فیلمی كۆنه‌ فرۆشان له‌ كوردستان تیڤی پێشكه‌ش ده‌كرێت

ئاریشه‌ و ململانێیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى ئه‌م ڕۆژگاره‌ ده‌گێڕێته‌وه‌

فیلمى بازاڕى كۆنه‌فرۆشان كه‌ ناوه‌ندى (گاڤ) بۆ به‌رهه‌مهێنانى كارى ته‌له‌فزیۆنى و سینه‌مایى كوردى به‌رهه‌مى هێناوه‌، بڕیاره‌ له‌ بۆنه‌یه‌كى تایبه‌ت و له‌گه‌ڵ پێنانه‌ نێو ساڵی نوێ،وه‌ك نوێترین به‌رهه‌مى فیلمى درامى له‌ سه‌ر شاشه‌ى (كوردستان تیڤى) پێشكه‌ش بكرێت.

ئه‌م فیلمه‌ له‌ سیناریۆ و ده‌رهێنانى (لوقمان غه‌ریب) و نواندنی هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان (نیاز شه‌ریف، شۆڕش قادر، مه‌ریوان ئیبراهیم ، عه‌لى كه‌ریم، ئه‌ڤین عوسمان، به‌هادین هه‌ڵه‌بجه‌یى، كه‌مال چالاك، سازگار فواد، شادیه‌ جه‌زا، شایى عوسمان، عه‌بدول حه‌مه‌جوان، زاهیر عه‌لى، حه‌سه‌ن دڵسۆز، ته‌ها داراغایى، شه‌ماڵ كه‌ریم، مزه‌فه‌ر هه‌ولێرى، عه‌بدولعه‌زیز مه‌جید، زرنگ مه‌ریوان، ئارام غه‌مبار، ئه‌كره‌م حه‌مه‌گوڵه‌، بژار ته‌ها خه‌لیل، سه‌ڵاح حاجى عه‌لى) و چه‌ند ئه‌كته‌رێكى تر ڕۆڵ ده‌گێڕن .

فیلمى كۆمیدى (بازاڕى كۆنه‌فرۆشان) به‌ كامێراى (ژینۆ عومه‌ر) وێنه‌گیراوه‌ و تۆمارى ده‌نگ (نه‌به‌ز حه‌مه‌شكور)، مۆنتاژ و مێكساژ (دیار خه‌سره‌و)، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رهه‌م (كه‌مال چالاك) سه‌رجه‌م بینراوه‌كانى له‌ ناوشارى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى تۆماركراوه‌ .

تایتڵى فیلمه‌كه‌ هۆنراوه‌ى شاعیرى ناسراو (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د)، میلۆدى هونه‌رمه‌ند ناسراو (هه‌ڵكه‌وت زاهیر) و گوتنى هونه‌رمه‌ند (لۆكه‌) و پۆسته‌ر و دیزاین و فوتو (نڤار لوقمان)

ڕووداوه‌كانى ئه‌م فیلمه‌ درامى یه‌ نوێیه‌، كه‌ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ كارى تێدا ده‌كرێت به‌ دوو هێلى هاوته‌ریبى (كۆمێدى ـ تراژیدى) به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.

 ده‌رهێنه‌ر وه‌ك شێوازێكى نوێ له‌ ناو كاره‌ درامییه‌كانى خۆییدا، هه‌وڵیداوه‌ له‌ بۆته‌ى فیلمه‌كه‌دا هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى (خوشى ـ ناخوشى) ئاوێته‌ بكات و به‌هه‌ردوو ئاراسته‌كه‌دا ڕووداوه‌كان به‌ره‌و هه‌ڵكشان و سه‌رنج ڕاكێشان ببات.

زه‌مه‌نى ڕووداوه‌كانى فیلمه‌كه‌ ئێستایه‌ و ئاریشه‌ و كێشمه‌كێش و ململانییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى ئه‌م ڕۆژگاره‌یه‌ و ئاوێته‌ كراوه‌ به‌ ڕابردوویه‌كى نه‌خوازراو كه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كى ناله‌بارى له‌ناو گه‌وهه‌رى بیرۆكه‌ى سه‌ره‌كى فیلمه‌كه‌دا هه‌یه‌.

دیاره‌ له‌ فیلمى درامیداچیرۆك و ڕووداو و دیالۆگ و كه‌سایه‌تى چوار پایه‌ى سه‌ره‌كین و پێكهینه‌رى ڕه‌گه‌زه‌ درامییه‌كان و پێكهاته‌كانى ترن .

بۆیه‌ لێره‌ له‌ بازاڕى كۆنه‌فرۆشاندا كار له‌سه‌ر ئه‌و فۆرم و تێگه‌یشتنه‌ كراوه‌ و ڕه‌نگ و ڕواڵه‌تێكى ته‌واو درامى دراوه‌ به‌ فیلمه‌كه‌ و له‌ چركه‌ساتى یه‌كه‌مه‌وه‌ تا كۆتایى سه‌رنجى بینه‌ر ڕاده‌كێشێت .

بازاڕى كۆنه‌فرۆشان فیلمێكى درێژه‌ و ماوه‌كه‌ى 75 حه‌فتا و پێنج خوله‌كه‌ و له‌و جۆره‌ فیلمانه‌یه‌ كه‌ به‌ بودجه‌یه‌كى كه‌م له‌سه‌رده‌مى دژوارى قه‌یرانى سه‌ختى دارایى به‌رهه‌مهێنراوه‌، به‌ڵام له‌ ئاستێكى باشى ته‌كنیكیدایه‌ و هه‌موو ره‌گه‌ز و پێكهاته‌كانى فیلمسازیى زۆر به‌باشى تیادا به‌رجه‌سته‌كراوه‌ ..

جێى ئاماژه‌ پێدانه‌ ناوه‌ندى (گاڤ) له‌ ساڵى 2015 وه‌ و له‌ ماوه‌ى 4 چوار ساڵى قه‌یرانى دارایدا، توانیوویه‌تى به‌ پشت به‌ستن به‌ توانا و ئه‌زموونى ڕابردووى خۆى له‌ بوارى به‌رهه‌مهێنانى فیلم و دراما و به‌رهه‌مى هونه‌رییدا 3 فیلمى درێژى درامى به‌رهه‌م بهێنێت.

ساڵى ڕابردوو هه‌ردوو فیلمه‌كه‌ى ترییان به‌ ناوه‌كانى (دانیشتوانى عه‌لیاوا به‌ 3 سێ به‌ش) و (گوڵچین و خه‌یاڵه‌كانى ڕۆسته‌م به‌ 4 چوار به‌ش) له‌ هه‌ر دوو جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان و قوربانى پیرۆزدا له‌ كوردستان تیڤى په‌خش كرد.

ئه‌مه‌یش له‌ زۆربه‌ى میدیاكاندا كوردستان و عیراق به‌ ئه‌رێنى ده‌نگى دایه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌ى دیارى (الدستور) به‌ مانشێتى گه‌وره‌ باسى كردووه‌، كه‌ له‌ ساڵى 2018 دا و له‌ نێوان حه‌وت فیلمى درێژى عێراقیدا سێیانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رهه‌مهێنراوه‌..

ناوه‌ندى (كاڤ) له‌ماوه‌ى 12 دوانزه‌ ساڵى ته‌مه‌نیدا خاوه‌نى چه‌ندین به‌رهه‌مه‌ و له‌ زۆربه‌ى كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنیه‌كانى كوردستاندا كار و به‌خششى پێشكه‌شكردووه‌، له‌وانه‌: (هه‌رێم تیڤى، سه‌ته‌لایتى نه‌ورۆز، كوردستان تیڤى، زاگرۆز تیڤى، كه‌ناڵ 4 چوار، كۆڕه‌ك تیڤى، كه‌ناڵى سلێمانى، كه‌ركوك تیڤى، گه‌لى كوردستان) و چه‌ند كه‌ناڵێًكى ترى لۆكاڵى.

گاڤ ته‌نیا ناوه‌نده‌ كه‌ به‌رده‌وام كار بۆ بوژاندنه‌وه‌ى فیلمسازى و دراماى كوردى و خۆماڵى ده‌كات و له‌م بواره‌دا زنجیره‌ دراماكانى (نامه‌كانى ئه‌شه‌ڕه‌ف، ڕێحانه‌، له‌ گوڵێك كاڵتر، دوا بڕیارى یاقوب) و چه‌ندین به‌رهه‌مى ترى پێشكه‌ش كردووه‌.

ئێستاش دواى ته‌واو بوونى فیلمى بازاڕى كۆنه‌فرۆشان و په‌خشكردنى له‌ كوردستان تیڤى، ده‌ست ده‌كات به‌ ئاماداكارى بۆ نوێترین پڕۆژه‌ى خۆى، كه‌ به‌رهه‌مهێنانى زنجیره‌ درامایه‌كى درێژى ته‌له‌ڤزیۆنیى 30 سى ئه‌ڵقه‌یى كه‌ بڕیاره‌ بۆ مانگى ڕه‌مه‌زانى داهاتوو ته‌واو ئاماده‌ى په‌خش بكرێت .

كوردستان تیڤی/ كامران