فه‌ڕه‌نسا خوازیاره‌ ئێران به‌خێرایی چالاكییه‌كانی موشه‌كی بالستیكیی خۆی راگرێت

پڕۆگرامی موشه‌كیی ئێران هاوته‌ریب نییه‌ له‌گه‌ڵ بڕیارنامه‌ی 2231ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگه‌یاند له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆگرامه‌كانی ناردنی مانگی ده‌ستكرد بۆ بۆشایی ئاسمان، دوو موشه‌كی هه‌ڵگری مانگی ده‌ستكرد ره‌وانه‌ی خولگه‌ی بۆشایی زه‌ویی ده‌كات، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا رۆژی رابردوو له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای له‌ ئێران كرد وێڕای ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ ناردنی ئه‌و موشه‌كانه‌، هه‌موو چالاكییه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ موشه‌كی بالستیك به‌ توانای هه‌ڵگرتنی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمیی راگرێت.

له‌ هه‌ڵوێیستێكدا بۆ ئه‌م داوایه‌ی حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتی: چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ فه‌ڕه‌نسا داواكارییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌ كه‌ دوژمنی رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێمه‌ن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا باسی له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ پڕۆگرامی موشه‌كیی ئێران هاوته‌ریب نییه‌ له‌گه‌ڵ بڕیارنامه‌ی 2231ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و داوای له‌ تاران كردووه‌ به‌خێرایی سه‌رجه‌م ئه‌و  چالاكییانه‌ راگرێت كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ موشه‌كی  بالستیكی كیشوه‌ربڕ كه‌ توانای هه‌ڵگرتنی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمییان هه‌یه‌.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ رادیۆ فه‌ڕه‌نسا