ئه‌مریكا كۆڕێكی نێوده‌وڵه‌تیی له‌سه‌ر رۆڵی ئێران له‌ ناو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ساز ده‌كات

ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ دڵنیابینه‌وه‌ له‌وه‌ی حكومه‌تی ئێران چیتر سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ نه‌شێوێتێت

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند له‌ مانگی داهاتوودا كۆڕێكی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی جیهان ساز ده‌كرێت كه‌ تیایدا باس له‌ سه‌قامگیریی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تیی رۆڵی ئێران له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌كرێت.

به‌ وته‌ی پۆمپۆ ئه‌م كۆڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی سازی ده‌كات بڕیاره‌ له‌ مانگای شوباتی ئه‌مسال واته‌ مانگی داهاتوو له‌ وڵاتی پۆڵۆنیا پێكبهێنرێت.

مایك پۆمپیۆ له‌ دیمانه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌م كۆڕه‌ وتی: ئێمه‌ نوێنه‌رانی ده‌یان وڵات له‌ پۆلۆنیا كۆده‌كه‌ینه‌وه‌ و بڕیاریشه‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ له‌ رۆژانی 13 و 14 مانگی داهاتووو به‌ڕێوه‌بچێت.

هه‌ڵبه‌ت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌ ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ نه‌دا كه‌ بڕیاره‌ له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا به‌شدار ببن به‌ڵام جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌: ناوه‌ڕه‌كی سه‌ره‌كیی ئه‌م كۆنفڕانسه‌ بریتیی ده‌بێت له‌ سه‌قامگیریی و ئاشتیی و ئازادیی و ئاسایش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ دڵنیابینه‌وه‌ له‌وه‌ی حكومه‌تی ئێران چیتر سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ نه‌شێوێتێت.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ رادیۆ فه‌ڕه‌نسا