له‌ هەولێر، كچێك هەوڵدەدات لە بەرزەپردێكەوە خۆی فڕێبداتە خوارەوە

پۆلیس: خه‌ڵكی رانیه‌ ناردوومانه‌ته‌وه‌، بەڵام دەگەڕێتەوە


دوای ئەوەی لە شاری هەولێر كچێك، هەوڵدەدات لەسەر بەرزە پردێكی پەڕینەوە خۆی بخاتە خوارەوە، بەڵام رزگارکرا.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێررایگه‌یاند هەر ئەمڕۆ شه‌ممه‌ دووجار ئەو كچەمان گرتووە و دەیبەینە هەر شوێنێك كەس نایگرێتە خۆی.

ئەمڕۆ شەممە 12-1-2019، لە شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر، كچێك هەوڵدەدات لە بەرزەپردێكەوە خۆی فڕێبداتە خوارەوە و دواتر خەڵك نایەڵن ‌و رزگاری دەكەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئه‌و ئافرەتە خەڵكی رانیەیە سەر بە ئیدارەی راپەڕین.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لەبارەی ئەو کچەی هەوڵی خۆکوشتنی دا راگەیاند ئەو كچە كێشەی دەروونی هەیە ‌و پێشتر چەند جارێك دەستگیرمان كردووە و دواتر ئازادمان كردووە. هەر ئەمڕۆ دووجار گرتوومانە.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتشی: هیچ شوێنێك ئەو كچە ناگرێتە خۆی، نە نەخۆشخانە ‌و نە هیچ رێكخراوێكی ژنان ‌و ئافرەتان، دەشڵێت: داوا لە وەزارتی كار‌و كاروباری كۆمەڵایەتی ‌و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین چارەسەرێك بۆ ئەو ئافرەتە بدۆزنەوە، چونكە بەڕاستی بووەتە كێشەیەكی گەورە بۆ ئێمە.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسیشی لەوە کردبوو کە ئەو  و بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ناردوویەتیەوە بۆ ڕانیە، بەڵام بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر. بۆیە داوای لە ڕێکخراوەکانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی و خێرخوازان کردبوو، بە هانای ئەو ئافرەتەوە بچن.