سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ نووسینگه‌ی قه‌یس خه‌زعه‌لی كۆبوونه‌وه‌

دوای ئه‌و گرژییه‌ی كه‌وته‌ نێوان گرووپی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق و ره‌وتی حیكمه‌

دوای ئه‌و گرژییه‌ی كه‌وته‌ نێوان گرووپی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق-ی سه‌ر به‌قه‌یس خه‌زعه‌لی و ره‌وتی حیكمه‌ی سه‌ر به‌ عه‌مار ئه‌لحه‌كیم، سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ پێكهاتبوون له‌ هادی عامری و هومام حه‌مودی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس و سامی مه‌سعودی و ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی و ئه‌بو جیهاد هاشمی، له‌ نووسینگه‌ی قه‌یس خه‌زعه‌لی كۆبوونه‌وه‌و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌خواره‌دا هاتووه‌:

یه‌كه‌م: له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ پێویسته‌ ده‌موده‌ست له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی بوه‌ستێت و هۆشداریش ده‌ده‌ین له‌ هه‌ڵگیرسانی فینته‌و هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ تێكدانی بارودۆخی ئه‌منی وڵات و كۆمه‌ڵگا.

دووه‌م: هه‌لێكی دیكه‌ ده‌ده‌ینه‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ ئه‌وه‌ی رێكاری پێویست بگرێته‌به‌ر.

سێیه‌م: داوا ده‌كه‌ین جارێ خۆپیشاندانه‌كان دوابخرێت، تا ئه‌وكاته‌ی به‌كرده‌وه‌ ده‌بینین كه‌ چیدیكه‌ حه‌شدی شه‌عبی ناكرێته‌ ئامانج.

گرژی نێوان عه‌سائیبی ئه‌هل حه‌ق و ره‌وتی حیكمه‌ له‌و كاته‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ كه‌ كه‌ناڵێكی ئاسمانی سه‌ر به‌ره‌وتی حیكمه‌ له‌هه‌واڵێكدا گرووپی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردبوو كه‌ بكوژی خاوه‌نی چێشتخانه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی به‌غدایه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق به‌ڵێنی داوه‌ تۆڵه‌ له‌كه‌ناڵه‌كه‌ بكاته‌وه‌.

ئاماده‌كردنی / رزگار