زه‌ریف گله‌یی له‌ پۆڵه‌ندا ده‌كات به‌ هۆی میوانداریی كردنی كۆنفڕانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی ئێران

زه‌ریف له‌مباره‌یه‌وه‌ وتیی: ئه‌و نه‌نگییه‌ له‌ داوێنی حكومه‌تی پۆڵه‌ندا پاك نابێته‌وه‌

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ره‌خنه‌ی له‌ حكومه‌تی پۆڵه‌ندا گرت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی قبوڵیكردووه‌ میوانداریی ئه‌و كۆنفڕانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ بكات كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر رۆڵی ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سازی بكات.

زه‌ریف له‌مباره‌یه‌وه‌ وتیی: ئه‌و نه‌نگییه‌ له‌ داوێنی حكومه‌تی پۆڵه‌ندا پاك نابێته‌وه‌، چونكه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئێران له‌سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانیی پۆڵه‌ندای رزگار كرد،به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌م وڵاته‌ میوانداریی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و سێركه‌ گاڵته‌جاڕییه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دژی ئێران  نمایش ده‌كرێت.

زه‌ریف له‌ په‌یامێكی تویته‌ریدا له‌مباره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تیی: بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ میواندار و میوانانی به‌شداربووی ئه‌و كۆنفڕانسه‌ی له‌ دژی ئێران ساز ده‌كرێت: ئه‌وانه‌ی له‌ كۆنفڕانسه‌ دژه‌ ئێرانییه‌كه‌ی پێشووی ئه‌مریكا به‌شدار ببوون یان مردوون یان ریسوا بوونه‌ یان ئه‌وه‌ی كه‌ تڕۆ كراون، به‌ڵام ئێران له‌ ئێستادا له‌ هه‌موو كاتێك به‌هێزتره‌.

دیاره‌ ئاماژه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ی پێشووی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران ئاماژه‌یه‌ به‌ كۆنفڕانسی " شه‌رموشه‌یخ " له‌ ساڵی 1996ـدا.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ بی بی سی