یەختێک 51 کۆچبەری کوردی هەڵگرتبوو نوقمبوو

میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە

بەیانی ئەمڕۆ یەختێک کە 51 کۆچبەری کوردی هەڵگرتبوو، لە دوورگەی كرۆتۆنێ لە سنوری ئیتاڵیا نوقمبوو، تا ئێستاش چارەنووسی دوو کەسیان نادیارە.

میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، بە‌رە‌بە‌یانی ئە‌مڕۆ كاتژمێر چوار بە ھۆكارێكی نادیار پێش گەیشتنیان بە وشکانی، یەختێک کە 51 کۆچبەری کوردی تێدابوو، نوقمبووە و تەواوی کۆچبەرەکان کەوتوونەتە ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە.

میدیا ئیتاڵیەکان ئەوەشیان خستووه‌ته‌ دوای ڕزگارکردنی زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە بەلەمەکەدا بوون دەرکەوتووە سەرجەم سەرنشینانی ناو بەلەمە نوقمبووەکە کورد بوون.

پۆلیسی شارۆچکەی مالیسا ڕایگەیاندووە توانیویانە زۆربەی سەرنشینەکان ڕزگاربکەن و تەنها دوو کەس لەوانەی لە بەلەمەکەدا بوون و ژێر ئاو کەوتوون چارەنوسیان نادیارە و هێشتا لە گەڕاندان بۆ دۆزینەوەیان.