پۆمپیۆ له‌ میسر: کاتێک سەدام کیمیایی بەرامبەر کورد بەکارهێنا هیچمان نەکرد

پۆمپیۆ: داعش به‌هۆى دوودڵییه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ گه‌یشته‌ عێراق

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنە لە وڵاتەکەی دەگرێت کە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە و دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەرەو باشی دەڕۆن.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ گەیشتە قاهیرە و لە زانکۆی ئەمریکی ئەو شارە گوتارێکی پێشکەشکرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "کاتێک سەدام کیمیایی بەرامبەر کورد بەکارهێنا هیچمان نەکرد". هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم بەرەو باشی دەڕۆن".

مایک پۆمپیۆ، وڵاتەکەی بە هێزی خێر و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد و گوتی: "ئەمریکا رووبەڕووی تووندڕەوەکان بووەتەوە،ئەمریکا نیازی داگیرکردنی هیچ وڵاتێکی نییە و دەمانەوێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارام و سەقامگیر بێت".

پۆمپیۆ رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیدارەی ئۆباما گرت لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی: "له‌ 2009 ه‌وه‌ له‌ پێشكه‌وتنه‌كانى ناوچه‌كه‌ دووربووین، داعش به‌هۆى دوودڵییه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ گه‌یشته‌ عێراق و به‌هۆى دوودڵى واشنتونه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س به‌ده‌ستى داعش كوژران. داعش سەدان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی رۆڵی دۆناڵد ترەمپی کرد لە بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە و گوتی: "تره‌مپ رۆڵى ئه‌مریكاى له‌ ناوچه‌كه‌دا گه‌ڕانده‌وه‌ و به‌هۆى سیاسه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ له‌ شه‌ڕى دژی داعشدا سه‌ركه‌وت".

لە بەشێکی قسەکانیدا پۆمپیۆ باسی عێراقی کرد و گوتی: "نزیکەی 5 هەزار سەربازمان لە عێراق هەیە و کاردەکەین بۆ ئەوەی لە عێراق دیموکراسی فەراهەم بکەین".

مایک پۆمپیۆ هەروەها باسی ئێرانی کرد و گوتی: "هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا کەمدەکەینەوە، ئێران رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى به‌كارهێناوه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌دا.