نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی سیاسی و سه‌ربازی به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌

پرۆسه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كران

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10/1/2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ ژه‌نه‌راڵ سیر جۆنز لۆریمه‌ر گه‌وره‌ ڕاوێژكاری سه‌ربازیی به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و نوێنه‌ری خاتوو تێرازا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، به‌ یاوه‌ریی جۆن وێلكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و مارتن وار كونسولی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا كاری هاوبه‌شی ئه‌منیی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و هاوپه‌یمانان و پرۆسه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كران و له‌مباره‌یه‌وه‌ شاندی میوان جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ و به‌مۆدێرنكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هاوپه‌یمانان بۆ جێگیركردنی سه‌قامگیری و ئاسایش له‌و ناوچانه‌ی له‌ تیرۆر ڕزگار بوون كرده‌و. هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق كه‌ له‌ ڕابردوودا ئه‌نجامی باشی هه‌بووه‌‌ دووپات كرایه‌وه‌ و شاندی میوان پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ به‌غدا و هاوپه‌یمانان بۆ ڕێگریكردن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش دووپات كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ و دوا پێشوه‌چوونه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو