له‌ قه‌ڵادزێ ئاسایشی یه‌كێتی هێرشی كرده‌ سه‌ر مه‌راسیمێكی په‌كه‌كه‌

بە مەبەستی یادکردنەوەی شەهیدانی پاریس


میدیای سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی لە قەڵادزێی ناوەندی دەڤەری پشدەر، هێرشیان کردووەتە سەر مەراسیمێکی لایەنگرانی پەکەکە و دوو چالاكوانی ده‌ستگیر كرد.

ماڵپەڕی (ڕۆژنیوز) بڵاویکردەوە ئەمڕۆ کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ بەشێک لە لایەنگرانی پەکەکە و هاووڵاتیانی شارۆچکەی قەڵادزێ سەر بە ئیدارەی راپەڕین لە باخی گشتیی شارۆچکەکە کۆبوونەوە بە مەبەستی یادکردنەوەی شەهیدانی پاریس، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە هێرشیان کرایە سەر.

هێزەکانی ئاسایش پەلاماری ئامادەبووانی مەراسیمەکەیاندا و دوو چالاکیان دەستگیر کرد.

محەمەد حەسەن، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز-یش بەر هێرشی هێزەکانی ئاسایش کەوت و بۆ ماوەیەک دەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیدا گیرا، پاش سڕینەوەی ڤیدیۆ و فۆتۆکانی دەستپێکی مەراسیمەکە، کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی پێدرایەوە.