فازڵ میرانی: ئه‌وانه‌ی حەزیان هەیە بەشدار بن لە حکوومەتی تازە دەبێ لە کاتێکی کورتدا بڕیاری خۆیان بدەن

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە کونسووڵی گشتیی تورکیا کرد

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ کونسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، کە جەخت لەوەدەکەنەوە کە دەبێ بەزووترین کات سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێ و دەستبەکاربێ و لایەنە سیاسییەکانی دی کە حەزیان لە بەشداریکردنی حکوومەت هەیە، دەست بە دانوستان بکەنەوە و خۆیان یەکلا بکەنەوە.

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە هاکان کاراچای کونسووڵی گشتیی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنەکەدا کە هوشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی پارتی ئامادەی بوو، فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، رۆشنایی خستە سەر رەوشی ئەمڕۆی عێراق بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتی.

هەروەها پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

فازڵ میرانی دووپاتی کردەوە کە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە زووترین کات هەڵبژێردرێ، دەستبەکاربێ و لایەنە سیاسییەکانی تر کە حەزیان هەیە بەشدار بن لە حکوومەتی تازە دەبێ لە کاتێکی کورتدا بڕیاری خۆیان بدەن و خۆیان یەکلا بکەنەوە و بەم نزیکانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەست بە دانوستان بکرێ.

لەم دیدارەدا جارێکی تر بابەتی پێوەندی دووقۆڵی نێوان حکوومەت و گەلی تورکیا و حکوومەت و گەلی کوردستان باسی لێوەکرا و بە پێوەندی زۆرباش و مێژوویی لە قەڵەم درا و جەخت لە بەهێزکردنی ئەم پێوەندییە لە بەرژەوەندی هەردوولا کرایەوە.

لە لای خۆیەوە هاکان کاراچای کونسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ رێکخستنی ئەو دیدارە و سوپاسی سەرکردایەتی سیاسی پارتی کرد کە دەرگایان واڵایەو بە راشکاوانە و سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکان و پێشهاتەکان دەکەن و هیوای خواست پارتی سەرکەوتووبێ لە پێکهێنان و دەستبەکاربوونی حکوومەتی تازەی هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ حکوومەت و گەلی کوردستان خواست.