گومان له‌ شانۆ مه‌كه‌

سمفۆنیایه‌كی پڕیان پێشكه‌ش كرد

ن/ سلێمان گه‌ڵاڵی

له‌چوارچێوه‌ی چالاكیه‌كانی پێنجه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌ڵه‌تیی ھه‌ولێر بۆ شانۆ كۆمه‌ڵێك شانۆییمان دی و سمینار پێشه‌كه‌ش كران، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شانۆی ھه‌ولێر و سه‌ندیكای ھونه‌رمه‌ندانی كوردستان لقی ھه‌ولێر قۆڵیان لێ هه‌ڵماڵی، شانۆی "كه‌سێك ھه‌ر دێ" یه‌كێك بوو له‌ نمایشه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی فیستفاڵه‌كه‌.. ده‌مه‌وێت له‌ دوو توێی ئه‌م نووسینه‌مدا ڕووناكیی بخه‌مه‌ سه‌ر.

تیپی ھونه‌ری ڕۆژ

شانۆیی كه‌سێك ھه‌ر دێت له‌ نووسینی یۆن فۆسه‌ و وه‌رگێڕانی له‌ نه‌رویجیه‌وه‌ ھاوده‌نگ ساڵح و ده‌رھێنانی مه‌ھدی حه‌سه‌ن و نواندنی ھه‌ر یه‌ك له‌ یوسف عوسمان و چاوان خه‌لیل و دڵشاد شه‌ھاب... به‌رھه‌مھێنانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆی ھه‌ولێر و لقی ھه‌ولێر بوو..

ده‌ق و نووسه‌ر

ده‌قی ئه‌و شانۆییه‌ له‌ دوو توێی كتێبێك بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌زگای ئاراس و به‌ژماره‌ 15 زنجیره‌ی شانۆی بیانی به‌ چاپی گه‌یاندوه‌ من نامه‌وێت له‌سه‌ر ده‌ق و نووسه‌ر بدوێم، به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ی نمایشه‌كه‌ سه‌رنجه‌كانم بخه‌مه‌ ڕوو، له‌ سه‌ردێری نووسینه‌كه‌مدا ده‌ڵێم گومان له‌شانۆ مه‌كه‌ مه‌به‌ستمه‌ بڵێم نووسه‌ر كه‌ زیاتر وه‌ك شاعیر ناوی ھه‌بوو به‌ گومان بوه‌ له‌وه‌ی كه‌ شانۆ مه‌رامی ئه‌و بێنیته‌دی، به‌ڵام كه‌ تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ نووسینی ده‌قی شانۆیی په‌یدا ده‌كات ده‌بینێ كه‌ شانۆ ده‌بێته‌ ھۆكارێكی به‌ بڕشت بۆ به‌دی ھێنانی مه‌رامه‌كانی ئه‌و گومانه‌ ده‌ره‌وێته‌وه‌ و ناو و ناوبانگی بۆ په‌یدا ده‌كات بۆیه‌ ھه‌رگیز گومان له‌شانۆ مه‌كه‌ن كه‌ مینبه‌رێكی كاریگه‌ره‌ بۆ گه‌یاندنی ھرز و ئایدیا به‌ شێوازێكی قه‌ناعه‌تپێكراو له‌شێوه‌و ئاكارێكی پڕ جوانی چێژبه‌خش..

له‌ لایه‌كی تریش ده‌ڵێم له‌ شانۆدا به‌ گومان به‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ چاره‌سه‌ری ئاریشه‌كان و ململانێكانی نێو ده‌ق و نمایش گومانه‌كانت به‌كار بێنه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌رئه‌نجامێكی باوه‌ڕپێكراو مۆڵه‌ت مه‌ده‌ به‌وه‌ی كه‌ گومانه‌كان درز بخه‌نه‌ خشته‌ بنیادنه‌ره‌كانی ئه‌نجامی به‌ده‌سھاتوو بۆ كۆتاییھێنان به‌ شكست و ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن

ئه‌وه‌ی بنیادی ده‌قی له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ ده‌قی كه‌سێك ھه‌ر دێت ته‌نیا گومانه‌ گومانی نێر له‌ مێ. گومانی مێ له‌ نێر. گومانی ھه‌ردووكیان له‌ په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و تاكه‌كان به‌ یه‌كتری. ئه‌و دڕدۆنگییه‌ شیرازه‌ی ژیانیان ده‌شێوێنێ تاكو بڕیار ده‌ده‌ن ڕوو له‌ چۆله‌وانیی تاقه‌تپڕوكێن بكه‌ن كه‌ كه‌سی تێدانه‌بێ جگه‌ له‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گومانه‌كانیان داببڕێن و بتوانن به‌ ئاسووده‌یی بژین ھه‌ر خۆیان خاوه‌نی خۆیان بن كه‌چی گومانی ھاتن و نه‌ھاتنی كه‌سێك ده‌یانھێنێته‌وه‌ خاڵی سفر.. ده‌بێ تاكه‌كان بڕوای ته‌واویان به‌ خۆیان و به‌رامبه‌ركانیان ھه‌بێت بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر گومانه‌ خراپه‌كان.

نووسه‌ر له‌م ده‌قه‌دا وه‌ك شاعیرێك مامه‌ڵه‌ ده‌كات و ھه‌سته‌ شاعیرانه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كان به‌ده‌ر ده‌خات له‌ كاتێكدا بوونی كه‌سێكی تر گومانه‌كانیان سه‌ختر ده‌كه‌ن. به‌وه‌ی خاوه‌نداریه‌تیی نێر بۆ مێ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ده‌ست بده‌ن.

دواجار به‌ حیكمه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی مێ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا ده‌گه‌نه‌ ئه‌و ڕاده‌ی كه‌ بۆخۆیان بژین و گوێ به‌ بوونی كه‌سانی تر نه‌كه‌ن..

نواندن و بوێری له‌ جووڵه‌ و كرداردا.

چاوان خه‌لیل وه‌ك نوێنه‌ر

كرده‌ی نواندن پێویستی به‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی و سایكۆلوژیه‌ بۆ كار ئه‌كته‌ری نواندن بۆ كراو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر بتوانی ئه‌دای كه‌سایه‌تی نێو شانۆییه‌كه‌ بكات و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بێت. ده‌بێت به‌دواداچوون بۆ ره‌فتارو ئاكاری كه‌سایه‌تی بكات له‌ رووی جه‌سته‌یی و كۆمه‌لایه‌تی و سایكۆلۆژیه‌تی كه‌سایه‌تی له‌به‌ر چاو بگرێت ئه‌مه‌و ڕه‌چاوی وه‌رگر و كۆمه‌ڵگا بكات و سایكۆلۆژیه‌تی بخوێنێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ چی لا په‌سنده‌ و چی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئاستی رۆشنبیری و تێگه‌یشتنی بكات و به‌ره‌و ئاستی باڵاتر ده‌ستی بگرێ. بوێری ئه‌كته‌ر له‌وه‌ به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت كه‌ كاره‌كته‌ر چی پێویسته‌ ئه‌وه‌ بكرێت به‌ بێ ڕه‌چاو كردنی توانجی ھه‌ندێ له‌ بینه‌ری ناحاڵی. ئه‌وه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد ده‌چه‌سپێته‌ سه‌ر چاوان خه‌لیل كه‌ به‌وپه‌ڕی بوێریه‌وه‌ ئه‌ركی كارئه‌كته‌ره‌كه‌ی به‌ئه‌نجام گه‌یاند، به‌ ھه‌موو پێوه‌ره‌كانی نواندن ئه‌دایه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ی بۆ كه‌سایه‌تیی ئه‌وی مێ كرد. چاوان خه‌لیل ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی ھونه‌ر و كۆلیژی ھونه‌ره‌ له‌ چه‌ندین كاری ھونه‌ری به‌شداری كردوه‌ و به‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌چه‌شكێنه‌ بۆ ڕۆڵه‌ سه‌خته‌كانی كارئه‌كته‌ره‌كه‌ی مێینه‌ له‌ شانۆدا..چاوان خاوه‌ن له‌شولارێكی وه‌رزشیه‌ ھه‌موو جووڵه‌یه‌ك به‌ جوانكاریه‌وه‌ ده‌نوێنێ. وخاوه‌ن ده‌نگێكی موزیكی یه‌ ئه‌گه‌ر زۆر ئازاری ژێیه‌كانی ده‌نگی نه‌دات، زۆر جار وا رێك ده‌كه‌وێت به‌ ھۆی نه‌بوونی بوێری شانۆڤانی ئافره‌ت ده‌رھێنه‌ره‌كانمان ھه‌ندێ ده‌ق ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ په‌یامێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پڕ كێشه‌ی ئافره‌ت له‌خۆ ده‌گرن. بوونی كه‌سانی وه‌ك چاوان له‌ نێوه‌نده‌ ھونه‌ریه‌كه‌ رێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ كچان و ئافره‌تانی شانۆڤان تا خۆیان له‌ قه‌ره‌ی كاری شانۆی وا بده‌ن و ئه‌ركی ده‌رھێنه‌ر سوك بكه‌ن له‌ گه‌ڕان به‌دوای به‌دیلی جووڵه‌ و ئاكاری تر بۆ كارئه‌كته‌ر كه‌ ره‌نگه‌ مه‌رامی خۆی نه‌گه‌ینێ. ئه‌ركی ھونه‌رمه‌ندانی شانۆڤانه‌ كه‌ ھانده‌رو پاڵپشت بن بۆ چاوان ئاساكان.

دڵشاد

له‌رۆڵی ئه‌وی نێردا! له‌گه‌ڵ چاوان سمفۆنیایه‌كی پڕیان پێشكه‌ش كرد خۆگونجاندێكی به‌رچاوی ھه‌بوو له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كه‌ی و دانووستانێكی پڕ ھه‌ستی نواند..

ھه‌رچه‌نده‌ له‌ ھه‌ندێ ھه‌ڵسوكه‌وتدا ھه‌ستت ده‌كرد مه‌ھدی حه‌سه‌ن ده‌بینی له‌ ساته‌ گرژه‌كاندا.

یوسف عوسمان.

له‌ رۆڵی پیاوه‌كه‌... له‌ ده‌ركه‌وتنێكی چه‌ند چركه‌یی رۆڵێكی پڕ و چری نواند ھه‌ستت ده‌كرد یاگۆی شكسبیر بوونی ھه‌یه‌ له‌سه‌ر شانۆ كاریگه‌ریی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ ورۆڵ نواندنه‌كه‌ی مامۆستا یوسف گۆڕانكاری گه‌وره‌ی كرده‌ سه‌ر ریتم و جۆری نواندن لای ئه‌وه‌ی نێر ئه‌وه‌ی مێ.. ته‌نیا جووڵه‌یه‌كی بچووك له‌ ھه‌ڵسوكه‌وتدا ھه‌ستی پێده‌كرا كه‌ ده‌شێ كاره‌ساتێك بخوڵقێنێ یا رووداوه‌كان ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌ زانستیانه‌ی نواندن بۆ كارئه‌كته‌ر لای ئه‌و به‌ ئاسانی ھه‌ستی پێ ده‌كرا كه‌ حیسابی بۆ ورد ودرشتی جووڵه‌ و ئاخاوتن كردبوو..

ده‌رھێنان

ده‌ق تا ئه‌و كاته‌ ده‌قی نووسه‌ره‌ تا ده‌گاته‌ ده‌ستی ده‌رھێنه‌ر، چونكه‌ ده‌ق پیرۆز نیه‌ ده‌كرێ له‌سه‌ر بنیادی ده‌ق ده‌قێكی تر بنیاد بنرێ. رێك (مه‌ھدی حه‌سه‌ن)ـی ده‌رھێنه‌ر وای كرد، ده‌قێكی تری له‌ ده‌قی نووسه‌ر دروست كرد. به‌ بینینێكی جیاواز له‌ بینینی نووسه‌ر نمایشی دروست كرد ئه‌وه‌تا له‌ بری خانوو ھێلانه‌ی باڵنده‌ی ھێنایه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، كه‌سایه‌تیه‌كانی لێ كردین به‌ مه‌ل و په‌پوله‌. به‌ پاڵپشت به‌ ئه‌كته‌رێكی بوێر بوێرانه‌ پانتایی شانۆی به‌كار ھێنا و ھه‌رچی خه‌یاڵی ئه‌و بڕی كرد له‌ جووڵه‌و ئاكاری كارئه‌كته‌ر به‌ جوانی نمایشی كرد. ئه‌وه‌ی بینیمان له‌ به‌كار ھێنانی سینۆگرافیا یه‌كی ساكار و به‌كار ھێنانی كه‌ره‌سته‌كانی سینۆگرافیا سه‌ركه‌وتوو بوو. دروست بوونی ریتمی خێرا و ھه‌ندێ كات له‌سه‌رخۆ په‌یامی فه‌لسه‌فی و ھونه‌ری نمایشی به‌رجه‌سته‌كرد وه‌رگر و بینه‌ری په‌یوه‌ست كرد به‌ رووداوه‌كان. پێی وتین تاكه‌كان ده‌بێ باوه‌ڕیان به‌ خۆیان ھه‌بێت و بۆ خۆیان ژیانی خۆیان بژین. گرنگی به‌ ده‌وروبه‌ر نه‌ده‌ن. نه‌خشه‌و پلانی نمایش له‌ سه‌ره‌تا تا كۆتایی به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌ چوو.

كوردستان تیڤی / كامران