ژمارەیەک لەدەزگاکانی راگەیاندن: خەریکە شارى سلێمانى لە پایتەختى ڕۆشنبیرییەوە دەگۆڕدرێت بە شارى سەرکوتکردن

داوادەکەین ئەم جۆرە رەفتارانە رابگیرێت

ژمارەیەک لەدەزگاکانی راگەیاندن راگەیەندراوێکیان لة دژ بە پێشێلکردنى ئازادییەکان لە سلێمانى بڵاوکردەوە و دەڵێن خەریکە شارى سلێمانى لە پایتەختى ڕۆشنبیرییەوە دەگۆڕدرێت بۆ شارى سەرکوتکردن.

دەقی راگەیەندراوەکە:

سلێمانی لەشاری رۆشنبیریەوە مەکەن بەشاری سەرکوتکردن
راگەیاندراوێک لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی دژی ئازادی لەسلێمانی ئەنجامدەرێن..

رۆشنبیران، چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، لایەنە سیاسیەکان، هەموو ئەو خەڵکانەی خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی‌ و ئازادیان هەیە، ماوەیەکە دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دەستیانکردووە بەپێشێلکاریی سیاسی بەرامبەر دەزگا رۆشنبیری‌و هونەری‌و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، بەردەوامبوونی ئەم سەرکوتکردنە خەریکە دۆخی ئەم شارە کە بەپایتەختی رۆشنبیری ناوزەد دەکرێت، دەگۆڕدرێت بەشاری سەرکوتکردن.

هێزەکانی ئاسایش ئەمڕۆ 9ی کانوونی دووەمی 2019 ناوەندی رۆشنبیری غەزەل نووسییان بۆ ماوەیەکی کاتی داخست، دوێنێش لەسەر بڵاوکردنەوەی فلمێکی تایبەت بەژیانی ژنە تێکۆشەرانی باکوری کوردستان ساکینە جانسزو هاورێکانی، سینەما سالمیان بۆ ماوەی رۆژێک داخست، ئەم زنجیرە پێشێلکارییە لەمانگی رابردووەوە دەستیپێکرد کاتێک 20 کانوونی یەکەمی 2018 نزیکەی 100 چالاکوان بە پیاوو ژنەوە کە نزیکبوون لەتەڤگەری ئازادی دەستگیرکران و چەند رۆژێک لەزیندان هێشتنیانەوەو پێشتریش بارەگاکانی ئەو حیزبەیان داخست.

ئەم دەستدرێژیانە پاشخانە سیاسیەکەی هەرچی بێت‌ و بچێتە بواری چ سازشکردنێک لەگەڵ وڵاتانی هەرێم، دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادی‌و ئازدی بیروڕا لەپارێزگای سلێمانی‌ و سەرتاسەری هەرێمی کوردستان‌و دژی هەموو ئەو یاسا بەرکرانەیە کە لەبواری کاری میدیایی‌ و رۆشنبیریدا لەپەرلەمانی کوردستان دەرکراون.

ئێمە ئەم دەزگایانەی کە لەخوارەوە ناومان هاتووە دژی ئەم پێشێلکاریانەین‌ و  بەزەنگێکی مەترسی دادەنێن کە سیمای تەواوی ئەم شارە لەشارێکی پڕ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی‌ و رۆشنبیری بگۆڕدرێت بەشارێکی پۆلیسی‌ و ئەو پەراوێزە ئازادەی تیادا نەمێنێت کە پێشەنگە بۆ شارەکانی تری هەرێم‌ و هەمیشە بەپارێزگایەک ناسراوە کە دەربڕینی ناڕەزایی‌و داکۆکیکردن لەئازادیدا لەشارەکانی تری هەرێم‌‌ و بگرە عێراقیش جیاوازترە، ئەگەر ئەم روبەرە لەئازادی نەهێڵرێت، ئیتر چی دەمێنێ ئەم شارە شانازی پێوە بکات؟!

ئەم دەزگایانە ئەم هەڵسوکەوتە لەسەر بنەمای هەر یاساو رێسایەک بێت، پێشێلکاریە بەرامبەر ئازادی و ئازادی رادەربڕین و داهێنان و، داوادەکەین ئەم جۆرە رەفتارانە رابگیرێت. هەروەها داوادەکەین لەدەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم‌و پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بەم دۆخە بهێنن‌و لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دەزگایەکی رۆشنبیریدا جارێکیتر پەنا نەبەنە بەر هێزو زۆرەملێ، بەڵکو پێویستە بەشیوەیەکی شارستانی‌‌و لەچوارچێوەی یاسایەکی دیموکراسیدا مامەڵە بکەن‌.