ئەنەكەسە: كردنەوەی بارەگاكانمان له‌ رۆژئاوای كوردستان راست نییه‌

ئەنەكەسە: 56 بارەگامان لە رۆژئاوای كوردستان داخراون

بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) دەڵێت، كردنەوەی بارەگاكانی ئەنەكەسە و رێگادان بە ئازادیی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستاندا، لە ڕاستییەوە دوورە و هیچ بڕیارێكی لەو شێوە دەرنەچووە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی كە پەیەدە بڕیاری داوە بە كردنەوەی بارەگاكانی ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان، نووری بریمۆ بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، گوتی" ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە، پەیەدە باوەڕی بە ژیانی سیاسی لە دەرەوەی بیركردنەوەی خۆی نییە و بە فەرمانی ئەوان 56 بارەگای ئێمە لە رۆژئاوای كوردستان داخراون، هەر كاتێكیش پەیەدە باوەڕی بە پێكەوەژیانی سیاسی هەبوو و دەرفەتی دا پێشمەرگەی رۆژ بچێتەوە رۆژئاوای كوردستان، ئەو كاتە ئەو بڕیارە دەردەكات".

بریمۆ، هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو" پێش ئەو بڕیارە، دەبێ پەیەدە بڕیاری ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان بدات، چونكە سەدان كادیر و ئەندامی سەركردایەتیی ئەنەكەسە، لە زیندانەكانی پەیەدە دان".