هه‌ڵوێست " دوو رێگا " بڵاوده‌كاته‌وه‌

تەنیا بە شێوەی دەنگ بڵاو كراوەتەوە

گۆرانیبێژی ناسراوی كورد " هه‌ڵوێست محه‌مه‌د " نوێترین به‌رهه‌می هونه‌ری خۆی له‌ ژێر ناوی " دوو رێگا " بڵاوده‌كاته‌وه‌ .

تێکستی ئه‌م گۆرانییه‌  لەلایەن " مەسعود فاتیح " ەوە نوسراوە و هەریەک لە هونەرمەندان " میلاد فەرهودی و ئەفشین شوکری "  کاری میوزیکیان بۆ کردووە ، هه‌روه‌ها " هاوڕێ عەلی " كاری گرافیكی بۆ ئەو وێنەیە كردووە كە لە باگڕاوندی گۆرانییەكە دانراوە .

گۆرانی " دوو رێگا " تەنیا بە شێوەی دەنگ لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (یوتیوب)، بڵاو كراوەتەوە ، بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە لە کاتێکدایە کە هەڵوێست سەرقاڵی کاری نواندنە و رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە فیلمێکی سینەمایدا بەناوی " پەیکەری دڵ " کە لەدەرهێنانی شوان عەتوفە .

هەڵوێست محەمەد ، له‌ ساڵی 2001 دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە و ، ساڵی 2018 ئەلبوومێكی گۆرانیی بە ناوی (حەوت سەد دینار) بڵاو كردەوە ، له‌ ئێستا كارەكانی وێنەگرتنی فیلمەكە كۆتایی پێ هاتووە و لە قۆناغی مۆنتاژكردندایە.