ساڵی 2019 به‌ دیارده‌یه‌كی گه‌ردوونی ده‌گمه‌ن ده‌ست پێده‌كات

له‌ ئه‌مریكای باكور و هه‌ندێ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌بیندرێت

له‌سه‌ره‌تای ساڵی نوێ، ساڵی 2019 ئاسمان رووداوێكی ده‌گمه‌ن به‌خۆوه‌ ده‌بینێت ، كاتێك مانگیرانێكی گشتی به‌ ره‌نگی سوور رووده‌دات، ئه‌م دیارده‌ گه‌ردوونییه‌ش له‌ ئه‌مریكای باكور و هه‌ندێك وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌بیندرێت .

به‌گوێره‌ی ڕاپۆتێكی ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی میلی به‌ریتانی، له‌ یه‌كه‌م تریفه‌ی مانگه‌ شه‌وی 2019 مانگیران رووده‌دات، كاتێك زه‌وی راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ نێوان خۆر و مانگ ، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ كه‌ سێبه‌ری هه‌ساره‌ی زه‌وی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر مانگ .

به‌ڵام مانگیرانی سوور زۆر ده‌گمه‌ن نیه‌ ، چونكه‌ رووناكی خۆر له‌ به‌رگه‌هه‌وای زه‌زی دزه‌ده‌كات و روو له‌ مانگ ده‌كات و به‌رگه‌ هه‌وای زه‌ویش ده‌یگۆڕێت بۆ ره‌نگی سور وه‌ك چۆن له‌ كاتی خۆر ئاوابوون ره‌نگی خۆر سووره‌ .

ئه‌وه‌ی ده‌گمه‌نه‌ له‌م دیارده‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مانگیرانی گشتی رووده‌دات به‌ڵام پێشتر به‌ ده‌گمه‌ن بووه‌ مانگ پڕ و زه‌به‌لاح بێت و دیارده‌ی مانگیرانه‌كه‌ له‌وكاته‌دا رووبدات .

مانگی مه‌زن و زه‌به‌لاحیش دیارده‌یه‌كه‌ له‌وكاته‌دا رووده‌دات كه‌ مانگ چواره‌ده‌بێت و له‌ نزیكترین خاڵیش بێت له‌ خوڵگه‌كه‌ی له‌ ده‌وری زه‌وی ، هه‌ر ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌وكاته‌دا مانگ له‌ قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر ده‌ربكه‌وێت .

ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ شه‌وی (20) كانونی دووه‌می داهاتوو له‌ ئه‌مریكای باكور و هه‌ندێ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌بیندرێت .

له‌ به‌رامبه‌ردا وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی تری كیشوه‌ری ئه‌فریقیا مانگیرانی به‌شی ده‌بینن ، كه‌ ماوه‌كه‌ی (62) خوله‌كه‌ . جێگه‌ی باسه‌ دوایین مانگیرانی گشتی له‌ (27)ی یۆلیۆی رابردوو روویدا ، مانگیرانی گشتی داهاتووش پێشبینی ده‌كرێت له‌ ساڵی 2021 رووبدات .

سه‌رچاوه‌/ كوردیۆ

 كوردستان تیڤی/ كامران