لقی 12ی پارتی 30 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر خانه‌واده‌ی شه‌هیدان دابه‌شكرد

به‌رده‌وامیش ده‌بێت


پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابینكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان، له‌ درێژه‌ی ڕاده‌ستكردنی یه‌كه‌کانی نیشته‌جێبوونی كه‌سوكاری شه‌هیدان له ‌هه‌ڵه‌بجه‌،  له‌ مەڕاسیمێكدا لقی 12ی پارتی 30 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی ڕاده‌ستی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان كرد.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 27-12-2018 له‌ باره‌گای لقی 12، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسی لق، و کارگێڕانی لق، 30 خانوو به‌سه‌ر خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانی سنووری لقی 12 دابه‌شکرا.

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ 250 خانوو له‌ناو پرۆژه‌ی گۆران ستی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، تا ئێستا 92 خانوو ته‌واو بووه‌و به‌سه‌ر خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کاندا دابه‌شکراوه‌.

به‌سام عه‌لی، به‌رپرسی لقی 12ی پارتی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاگه‌یاند: له ‌درێژه‌ی دابینكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی پارتی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌مڕۆ توانیمان 30 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون دابه‌ش بكه‌ین به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیداندا.

ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد: له‌ ماوه‌كانی ڕابردوو توانراوه‌ 60 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون راده‌ستی به‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان بكرێت، ئه‌مڕۆش 30 كلیلی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونمان بەسەر‌ كه‌سوكاری شه‌هیداندا دابه‌ش كرد.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی کە بڕیار له‌سه‌ر دروستکردنی ‌ چه‌ند یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌س و كاری شه‌هیدان دراوه، به‌رپرسی لقی 12ی پارتی له ‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ گوتی: بڕیار له‌سه‌ر 250 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون دراوه‌، تا ئێستا 90 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون ته‌واو بوونه‌ و ڕاده‌ستی كه‌سوكاری شه‌هیدان كراوه‌، به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ ته‌واوكردنی یه‌كەکانی نیشته‌جێبوونی شه‌هیدان.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی، ئه‌وەیشی خسته‌ ڕوو: ئه‌و خانوانه‌ به‌ فه‌رمانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و له‌‌ بوودجه‌ی تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌رخان كراون و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی سنووری لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.