قایمقامیه‌تى سلێمانی : پێویستمان به‌ مریشكی هاورده‌كراو نه‌ما‌

به‌هۆی زیادبونی پرۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان


 له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك ده‌ست مالپه‌ری كوردستان تیڤى كه‌وتووه‌ ، قایمقامیه‌تى قه‌زای ناوه‌ندی سلێمانى ڕایده‌گه‌ێنێت ، به‌هۆی زیادبونی پرۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی بازاڕ به‌به‌رهه‌می ناوخۆ، سلێمانی پێشنیاری دانانی باج له‌سه‌ر گۆشتی مریشكی هاورده‌كراو بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵ ده‌ڵێت " بڕیاردراوه‌ رێگری له‌ هاورده‌كردنی مریشك له‌ پارێزگاكانی تری عێراق‌ بۆ سلێمانی بكرێت "
 راشیده‌گه‌یه‌نن ، ئاوات محەمەد، قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی، له‌دیوانی قائیمقامیه‌ت لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
 پاش كۆبونه‌وه‌كه‌ رزگار حمد ‌خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی رایگه‌یاند؛  له‌م وه‌رزه‌دا و به‌هۆی زیادبونی پرۆژه‌ی په‌له‌وه‌رییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی، به‌رهه‌می پرۆژه‌كان له‌توانایدا هه‌یه‌ پێداویستی بازاره‌كانی ناوخۆ پڕ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ لیژنه‌ی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی، له‌ڕێی پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و دارایی ده‌كات باج له‌سه‌ر گۆشتی مریشكی هاورده‌كراو دابنرێت.
وتی؛ بۆساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می پرۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی سلێمانی، له‌داهاتویه‌كی نزیكدا پێویستمان به‌ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی نوێیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، بۆیه‌ داوای دانانی پرۆژه‌یه‌كمان كردووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی بازار و به‌ سیسته‌م كردنی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ربڕین و عه‌مباركردن و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كان خۆی ده‌بینێته‌وه، كردوه‌.
وتیشی؛ له‌ پێناو دابینكردنی گۆشتێكی ته‌ندروست بۆ هاوڵاتیان لیژنه‌كه‌ بڕیاری داوه‌ هاورده‌كردنی مریشك له‌ پارێزگاكانی تری عێراقه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی‌ به‌بێ پشتگیری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێرتێنه‌ری و پاش تێپه‌ڕبونی گۆشته‌كه‌ به‌ سیسته‌می پشكنینی ته‌ندروستی رێگه‌ به‌هاورده‌كردنی ده‌درێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی ئابورییه‌وه له‌بازگه‌كان‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.
رزگار حمد ‌خدر، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد؛ بۆ خزمه‌تكردنی به‌ جوتیاران و دورخستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی و مه‌ترسی له‌سه‌ر كێڵگه‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان، داوا له‌ پاسه‌وانی سنور كراوه‌ كه‌ رێگری بكه‌ن له‌ هاورده‌كردنی جوجكه‌ به‌ شێوه‌ی قاچاخ، هه‌روه‌ها سزادانی ئه‌و كێڵگانه‌ی به‌سه‌رپێچی دروستكراون.

شوان عه‌زیز