رۆمانی "كۆچی شامار" بڵاوكراییه‌وه‌

ڕۆمانێكه‌ كه‌ ژیانی كۆچه‌ر و لێقه‌وماوێكی كورد ده‌گێڕێته‌وه‌

ڕۆمانی "كۆچی شامار" له‌ نووسینی فه‌رهاد حه‌یده‌ری گۆران، نووسه‌ر و توێژه‌ری ناسراوی كوردی دانیشتووی تارانه‌ و كۆچی شامار به‌ زمانی فارسی وه‌ك پێنجه‌مین ڕۆمانی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌شانگه‌ی "بان و ئاگاه"ه‌وه‌ چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

فه‌رهاد حه‌یده‌ری گۆران، نووسه‌ری كورد كه‌ به‌ كوردیی خوارین و فارسی ده‌نووسێت، ئه‌مه‌ پێنجه‌مین ڕۆمانییه‌ كه‌ چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و پێشتر كتێبه‌كانی: "ئه‌فسانه‌ی ڕه‌نگه‌كانی دۆنادۆن، كه‌تیبه‌خوێندنه‌وه‌ی وێرانی، ته‌نگه‌نه‌فه‌سی" چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و پاش ڕۆمانی "ته‌نگه‌نه‌فه‌سی" كه‌ ساڵی 2016 له‌لایه‌ن فازڵ مه‌حمووده‌وه‌  وه‌رگێڕادراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و ماڵی وه‌فایی چاپی كردووه‌. ته‌نگه‌نه‌فه‌سی له‌ ئێران پێشوازییه‌كی زۆر لێكرا، ئه‌مه‌ نوێترین ڕۆمانی نووسه‌ره‌ و به‌ گوته‌ی خۆی له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌مدا 500 دانه‌ی لێ فرۆشراوه‌ و ئه‌مه‌ نیشانه‌ی پێشوازییه‌ له‌م ڕۆمانه‌.

وه‌شانگه‌ی "ئاگاه و بان" له‌ پشته‌ به‌رگی "كۆچی شامار"ه‌وه‌ نووسیویانه‌: "كۆچی شامار، ڕۆمانێكه‌ كه‌ ژیانی كۆچه‌ر و لێقه‌وماوێكی كورد ده‌گێڕێته‌وه‌. شامار، پاش بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی كرماشان، له‌ كاتی تازیه‌دا به‌ ناچاری دایكی خۆی له‌ گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ به‌جێ دێڵێ و به‌ كۆمه‌ڵێك ده‌قی ئایینی و بیره‌وه‌ری و سه‌ربرده‌ی ژیانی سه‌رده‌می خوێندكاریی خۆی، ڕوو له‌ تاران ده‌كات".

له‌ درێژه‌دا نووسیویه‌: "شامار له‌ كاتێكدا له‌ناو كه‌مپی ڕزگاربوه‌كاندا ده‌ژیت، تووشی شڵه‌ژانی ده‌روونی ده‌بێت و شاهێدی مه‌رگ و له‌ناوچوونی خۆی و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێ كه‌ ناویان له‌ ده‌فته‌ری یادداشتی ڕۆژانه‌یدا ده‌یاننووسێت." ئه‌م ڕۆمانه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی چه‌ند ڕه‌هه‌ندییه‌، له‌ سه‌رقاڵیی زه‌ینیی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌، بۆ سه‌رده‌می قاجاڕه‌كان تاكوو ژیان و نیشته‌جێبوون له‌ شوێنه‌ داگیركراوه‌كان، له‌ گه‌یشتن به‌ دۆنادۆنی له‌ناو ده‌ق و ده‌فته‌ره‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ بگره‌ تا باسكردنی جه‌سته‌ی ئه‌وانه‌ی تووشی برینی ساڕێژنه‌كراو هاتوون.

له‌ درێژه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه‌: "شامار، له‌ڕاستیدا وێنا و دیوێكی دیكه‌ی كه‌سێتیی مێژووه‌ له‌ ڕۆمانی "ته‌نگه‌نه‌فه‌سی"دا، ڕۆمانی پێشووی فه‌رهاد گۆران، كه‌ به‌ گوته‌ی خۆی چه‌ند كه‌س له‌ ڕه‌خنه‌گر و خاوه‌نڕایانی ئه‌ده‌ب، به‌ باشترین ڕۆمانی سه‌رده‌می ژیانی خۆیان ناویان بردووه‌. گێڕه‌ره‌وه‌ی كۆچی شامار، له‌ شوێنێكدا له‌زاری باوكییه‌وه‌ ده‌ڵێ: ئه‌ستێره‌ی به‌ختیان خامۆش كردم. كه‌ واته‌ تێده‌كۆشێ به‌ بانگهێشتكردنی ئه‌و كچه‌ی خۆشی ده‌وێ، تیشك و دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك له‌و ئه‌ستێره‌وه‌ وه‌ربگرێ و تاریكیی داهاتووی پێ ڕووناك بكاته‌وه‌.

ڕۆمانی كۆچی شامار، له‌دووتوێی 208 لاپه‌ڕه‌ له‌ تاران و له‌لایه‌ن وه‌شانگه‌ی "بان و ئاگاه‌"ه‌وه‌ چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

به‌ڕای ڕه‌خنه‌گر و خاوه‌ن ڕایانی ئه‌ده‌ب، ئه‌م به‌رهه‌م نوێیه‌ی فه‌رهاد حه‌یده‌ری گۆران، خه‌منامه‌ی سه‌رسامهێنه‌ری مرۆڤی هاوچه‌رخ و نوێنگه‌ی تراژیدیای نه‌ته‌وه‌ی كورده‌، هاوكات گێڕانه‌وه‌یه‌كی تراژیكیه‌ له‌ ژیانی مرۆڤی سه‌رده‌می مۆدێڕن.

فه‌رهاد حه‌یده‌ری گۆران، نووسه‌ر و توێژه‌ری كورد كه‌ به‌ دوو زمانی كوردیی خوارین و فارسی ده‌نووسێت، له‌دایكبووی 1974ی كرماشانه‌ و تا ئێستا پێنج ڕۆمانی به‌ فارسی و كوردیی خوارین نووسیوه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی به‌ زه‌مانه‌كانی" ئینگلیزی، سویدی، عه‌ره‌بی و هه‌نگاری" وه‌رگێرادراون. ڕۆمانی "ته‌نگه‌نه‌فه‌سی" كتێبێكی سێیانه‌یه‌ كه‌ به‌رگی دووه‌می ساڵی 2009 له‌لایه‌ن وه‌شانگه‌ی "ئاگه‌"وه‌ چاپ كراوه‌ و كۆچی شامار ڕۆمانێكه‌ له‌ڕاستیدا ده‌بێ وه‌ك ده‌فته‌ری سێیه‌می ته‌نگه‌نه‌فه‌سی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.

 سه‌رچاوه‌/ باس

  كوردستان تیڤی/ كامران