نووسینگەی جێگری سەرۆک لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تیی فراكسیۆن هه‌ڵبژێردران


دوای گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان و بارودۆخی سیاسی و كاری په‌رله‌مانی و پاش ڕه‌زامه‌ندیی سه‌ركردایه‌تیی پارتی به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنی كاروباره‌كانی فراكسیۆن و دابه‌شكردنی ئه‌رك و واجباته‌كان، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی فراكسیۆن هه‌ڵبژێردران.

نووسینگەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوە و دوای گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان و بارودۆخی سیاسی و كاری په‌رله‌مانی و پاش ڕه‌زامه‌ندیی سه‌ركردایه‌تیی پارتی به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنی كاروباره‌كانی فراكسیۆن و دابه‌شكردنی ئه‌رك و واجباته‌كان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فراکسیۆن و جێگر و بڕیاردەر و گوتەبێژ دیاری کران.

نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی نووسینگه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری باره‌گای بارزانی له‌گه‌ڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبووه‌وه‌ .

‎ته‌ها به‌رواری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی به‌ ناوی جه‌نابی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیمو‌كراتی كوردستانەوە به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كرد و سڵاو و ڕیزی جه‌نابیانی گه‌یاند و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئاماده‌بوونیان ده‌ربڕی.

‎به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی جه‌نابی جێگری سه‌رۆك وێڕای باسكردنی بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و هەروەها هه‌وڵه‌كان بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكوومه‌تی عێراق و ڕوانگه‌ی پارتی له‌و باره‌یه‌وه‌ و، وتووێژی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی و بایه‌خی چوار ساڵی داهاتووی كاری فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و كاری یه‌ك تیمی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئه‌دائێكی په‌رله‌مانیی سه‌ركه‌وتوو كه‌ جێگای ڕه‌زامه‌ندی و خواستی هاووڵاتییان بێت.

‎به‌رواری دووپاتیكرده‌وه‌ ‌پابه‌ندبوون به‌ ته‌وجیهات و ڕاسپارده‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك و جه‌نابی جێگری سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تیی پارتی و به‌رچاوڕوونی بۆ ئه‌نجامدانی كاری په‌رله‌مانی و هه‌ماهه‌نگی و مامه‌ڵه‌كردنی به‌رپرسیارانه‌ و به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی هاووڵاتییان له‌ ئه‌وله‌ویاتی كاره‌كان ده‌بێت.

‎هه‌روه‌ها  به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی جه‌ختی له‌ سه‌ر هه‌ماهه‌نگی بۆ سه‌ركه‌وتنی فراكسیۆن له‌ به‌جێی گه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی كرده‌وه،‌ ئه‌ویش به‌ پشتبه‌ستن به‌ په‌یره‌و و پرۆگرامی ناو‌خۆی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ نووسینگه‌ی جه‌نابی جێگری سه‌رۆك ئه‌و ئه‌ركه‌ی خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆ.

‎لە کۆبوونەوەکەدا، د. ئومێد سه‌باح نوێنه‌ری باره‌گای بارزانی سوپاسی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی كرد بۆ ڕێكخستنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی پێدانی به‌رچاوڕوونی و شرۆڤه‌كردنی بارودۆخ و ڕاسپارده‌ و ته‌وجیهاته‌كانی سه‌ركردایه‌تیی پارتی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاری ڕۆژانه‌یاندا سوودی لێوه‌ربگرن و له‌ سه‌ری كار بكه‌ن كه‌ بۆ دواجار به‌ سوودی هاووڵاتییان و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق ده‌شكێته‌وه‌.

‎دوای گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان و بارودۆخی سیاسی و كاری په‌رله‌مانی و پاش ڕه‌زامه‌ندیی سه‌ركردایه‌تیی پارتی به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنی كاروباره‌كانی فراكسیۆن و دابه‌شكردنی ئه‌رك و واجباته‌كان، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی فراكسیۆن كاره‌كانی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت:

‎ڤیان سه‌بری    سه‌رۆكی فراكسیۆن
‎بشار كیكی       جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆن
‎د. میاده‌ نه‌جار  بڕیارده‌ری فراكسیۆن
‎د. ئارام ناجی   گووته‌بێژی فراكسیۆن
‎دانا جه‌زا علی كاتب  كاروباری پارتایه‌تیی فراكسیۆن