شانۆكار مازیچن عزیز.. سازدانی فیستڤاڵ دیارده‌كی شارستانیه‌ 

شانۆ قوتابخانه‌یه‌كه‌ ده‌بێ هه‌موو جۆره‌ نمایشێك له‌ خۆ بگرێت

هونه‌رمه‌ند (مازیچن عه‌زیز) یه‌كێكه‌ له‌و ئافره‌تانه‌ی وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری كارای هه‌بووه‌ له‌ كاره‌ شانۆیی و درامای تیڤییه‌كان و فلیمه‌ سینه‌ماییه‌كان.. سه‌یر كردنی زنجیره‌ دراماكان و فلیمه‌ میسرییه‌كان ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ  هونه‌ر دروست كردوه‌.. له‌لایه‌كی تریش  شوێنی له‌ دایك بوون و خێزانه‌كه‌شی هاوكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ په‌ره‌ به‌ به‌هره‌كه‌ی خۆی بدات ئه‌و له‌ شاری (راوندز) له‌دایك بووه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی رۆشنبیر به‌هۆی بوونی كه‌سانی هونه‌رمه‌ند له‌ خێزانه‌كه‌ی وه‌كو هونه‌رمه‌ندی شه‌هید (ته‌ها فه‌قێ یوسف) و براكه‌ی كاك رزگار گه‌ڵاڵی  وه‌ ئامۆزاكه‌ی هونه‌رمه‌ند (موئه‌ید فه‌قێ) توانی له‌سه‌رده‌ستی هونه‌رمه‌ند (زرار مسته‌فا) به‌شداری له‌یه‌كه‌م  شانۆگه‌ری بكات به‌ ناوی  (مه‌رگی به‌خته‌وه‌ری) له‌ ساڵی 1991 له‌وێ سه‌ره‌تایی هونه‌ری ده‌ست پێكرد تائیستاش به‌رده‌وامه‌ ئێمه‌ش به‌ چه‌ند پرسیارێك ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌ گه‌ڵی سازدا.

ktv

*به‌رێزتان له‌ ساڵ 1991ده‌ستان به‌كاری هونه‌ری كرد ،دوای دابڕان بۆماوه‌یه‌كی زۆر پاشان به‌ چالاكی زۆره‌وه‌ ده‌ستان پێكرد هۆكاری ئه‌و دابڕانه‌ چی بوو ؟

- زۆر راسته‌ من به‌ عه‌شقه‌وه‌ ده‌ستم به‌ كاری هونه‌ری كرد به‌ڵام به‌ هۆی شه‌ڕی نه‌گریسی براكوژی كه‌نامه‌وێت باسی بكه‌م بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یكی زۆر له‌ هونه‌ر داببرێم.. گرنگ ئێستا دڵخۆشم به‌وه‌ی ماوه‌ی (8) ساڵه‌ به‌ گڕوتینه‌وه‌ باوه‌شم به‌ هونه‌ردا كرده‌وه‌  له‌و ماوه‌شدا به‌شداری چه‌ندین كاری هونه‌ری كرد وه‌ك:

درامای (ڕه‌وتی ژیان) له‌ده‌رهێنانی (مه‌هدی حه‌سه‌ن)  به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌كانی (سیمای خۆڵه‌مێش – شاخه‌وان ئیدریس) (بیره‌وه‌ریه‌كانی سه‌ر به‌رد – شه‌وكه‌ت ئه‌مین) (دابه‌زین هه‌یه‌) (فڕینی به‌رد – هه‌ردی حه‌سه‌ن عه‌لی)

بۆ ته‌له‌فزیۆنش به‌شداریم له‌  (زه‌ق زه‌قه‌) (ڕه‌وسه‌ی ڕه‌سه‌ن – كه‌ناڵی ڕه‌سه‌ن) (هه‌گبه‌ی دێوه‌ره‌ - كه‌ناڵی خێزان) فلیمی (بانه‌كه‌ی هیوا – جانۆ ڕۆژبیانی) (وون بوه‌كان – جه‌وهه‌ر ئه‌نوه‌ر ڕه‌شید 2018) له‌گه‌ڵ كورته‌ فیلمی (هه‌نگاو) له‌سیناریۆ و ده‌رهینان( مازن  شیربه‌یانی) وه‌ فیلمی درێژی سینه‌مایی به‌ناوی (شه‌وه‌) له‌ده‌رهینانی دلۆڤان.

ktv

*ئێستا ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ فیستڤاڵی شانۆیی له‌ هه‌ولێر به‌رێوه‌ ده‌چێت تێرامانتان بۆ ئه‌م فیستڤاڵه‌ چییه‌؟

- سازدانی  پێنجه‌مین فیسڤاڵی هه‌ولێر بۆ شانۆ دیارده‌یه‌كی شارستانیه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاشنا بوونمان به‌ كاره‌ شانۆییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان  سه‌باره‌ت به‌ نمایشه‌كان جۆراوجۆر بوون له‌ رووی ئاسته‌وه‌ به‌ڵام به‌گشتی  به‌رهه‌می جوانم بینی به‌ تایبه‌تی به‌رهه‌می ئه‌ڵمانیا (له‌ چاوه‌ڕوانیی گۆدۆدا) هیوادارم ئه‌م جۆره‌ فیستڤاڵانه‌ به‌رده‌وابن ده‌ست خۆشیش له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م.

ktv

* جگه‌ له‌ كاری شانۆیی به‌شداری دراماشت كردووه‌چ جیاوازییه‌ك ده‌بینی له‌ڕووی نواندنه‌وه‌؟

- جیاوازی گه‌لێ زۆره‌ شانۆ نواندنێكی زۆر قورستره‌ ،چونكه‌  ده‌بێ هه‌ست و نه‌ست و زمان و جه‌سته‌ و پانتای سكێچی شانۆ حسابی وورد و درشتی بۆبكه‌ی و ڕووبه‌ڕووی بینه‌رده‌بیته‌وه‌ نواندنێكی ڕاسته‌وخۆیه‌ یه‌ك هه‌ڵه‌ییه‌كی بچووك كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر نمایشه‌كه‌ ده‌بێت ، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌بێ ئه‌كته‌ر ده‌قێكی شانۆیی دوو سه‌عاتی هه‌مووی ئه‌زبه‌ر بكات و بزانی هه‌ر له‌ته‌واوی دایه‌لۆگ و شوێن و جوڵه‌ی ئه‌كته‌ره‌ كان و گونجاندنی له‌گه‌ڵ ته‌واوی سینۆگرافیای كاره‌كه‌ بۆیه‌ شانۆ ته‌ركیز و هیلاكی و ئاگابوون و توانستی زۆری پێویسته‌.

بیگومان دراماش ته‌ركیزی ده‌م و چاو و ڕووخسار و وشه‌ و دایه‌لۆگی به‌ده‌ربڕینێكی دیاری كراو زمانێكی نه‌رم و له‌سه‌رخۆ و زۆر به‌شێنه‌یی ده‌وێت  وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ژیانی ڕۆژانه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ی به‌ڵام  له‌ سینه‌ما هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌توانی به‌ چه‌ند تێكێك دووباره‌ی بكه‌یته‌وه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ئه‌م حاڵته‌ بوونی نیه‌.

*زۆر له‌گه‌ڵ كاری كورته‌ درامای ته‌له‌فزیۆنی كار ده‌كه‌ن هه‌ندێك له‌و درامایانه‌ له‌ رووی بابه‌ت و نواندن و ده‌رهێنان وه‌ك پێویست نیه‌ بیرت نه‌كردۆته‌وه‌ دور بكه‌یته‌وه‌ له‌و جۆره‌ كارانه‌؟

- زۆری و بۆری ته‌له‌فزیۆنه‌كان و نه‌بوونی پسپۆڕی له‌و بواره‌ و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنانه‌ وای كردووه‌ هه‌رچی هه‌ڵبستێت  كاری هونه‌ری بكات، له‌ هه‌مان كاتدا تێنه‌گه‌یشتن له‌بواری دراماو ئه‌و پانتاییه‌ زۆره‌ به‌كه‌سانی بێ ئه‌زموون پڕبكه‌نه‌وه‌  له‌وانه‌یه‌ ئێمه‌ش بێبه‌ش نابین له‌به‌شداریكردن هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌ین دووره‌په‌رێز بین له‌و كارانه‌  له‌وانه‌شه‌ وه‌ك كاروپیشه‌ و بژێوی ژیان هۆكارێك بێت له‌ به‌شداربوونمان له‌و جۆره‌ كاره‌نه‌دا بۆیه‌ له‌ داهاتوو تابۆمان بكرێت له‌ كاری هونه‌ری كرچوكاڵ دوورده‌كه‌وینه‌وه‌.

ktv

*  به‌ بۆچوونی به‌رێزتان بینه‌ر چێژ له‌چ جۆر نمایشی شانۆیه‌ ده‌كات (به‌زمه‌سات یان مه‌رگه‌سات) ؟

شانۆ قوتابخانه‌یه‌كه‌ ده‌بێ هه‌موو جۆره‌ نمایشێك له‌ خۆ بگرێت و هه‌موو  ستایل و شێوازه‌كان به‌ بینه‌ر بناسێت ، به‌ڵام  به‌هۆی ئه‌و واقیعییه‌ی گه‌لی كوردستان چ له‌ رابردوو چ له‌ ئێستاش هه‌مووی به‌ ژیانێكی ناخۆش و ناسۆرییه‌كان  به‌سه‌ر بردووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌لایه‌نی سیاسی ، هه‌ر بۆیه‌ شانۆییه‌كانیش زۆربه‌یان مه‌رگه‌ساتی بوون له‌وه‌ی به‌زمه‌ساتی بێن    له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رده‌م نمایشی مه‌رگه‌سات زیاتر بووه‌ له‌ نمایشی به‌زمسات.   

*زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌ڵێن شانۆ له‌ كوردستان له‌ قه‌یران دایه‌ ئه‌گه‌ر وایه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ چی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

ktv

سستی شانۆ گشتگیرییه‌ له‌سه‌رانسه‌ری دنیا به‌هۆی ئه‌و باهۆزه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا و عه‌وله‌مه‌ و پێشكه‌وتنه‌ خێراییه‌ی كه‌ سه‌راتاپای دنیای داگرتووه‌ نه‌ك كاریگه‌ری ته‌نها به‌سه‌ر شانۆوه‌ هه‌بووه‌ به‌سه‌ر زۆر بواری تر  هه‌بووه‌ له‌ هه‌مان كاتدا زۆر بواری تریشی ڕه‌ش كردۆته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وشه‌پۆڵه‌ به‌هێز و هه‌ره‌ پێشكه‌وتنه‌ هه‌ره‌ ئاسان و خۆشه‌ چه‌نده‌ها بواری كردۆته‌  مێژوو و ئه‌رشیف و یادگاری و چۆته‌ مۆزه‌خانه‌وه‌  به‌ڵام ئه‌و ئامێره‌  سه‌رده‌میانه‌  نه‌یان توانیوه‌ چێژ و گرنگی به‌های هونه‌ری شانۆ كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

خاڵێكی تری هۆكاری سستی شانۆ بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ هونه‌رمه‌ندان روویان له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و كاركردن له‌تیڤه‌كان دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ له‌ شانۆ ، وه‌ به‌هۆی  سه‌ختی و جه‌نجاڵی و بژێوی ژیان به‌جۆرێك بینه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی نییه‌ بێت بۆ هۆڵه‌ كانی شانۆ  .

* پرۆژه‌ی نوێتان هه‌یه‌؟

ئێستا  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( به‌كر مه‌عروف و قــاسم نــــوری)  دووپڕۆژ ه‌مان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر  هیچ  گرفت وكۆسپێك نه‌بێت پێشكه‌شی به‌ بینه‌رانی ده‌كه‌ین.

ktv

*زۆر سوپاس بۆ ئه‌و دیداره‌

- منیش سوپاسی ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی ده‌كه‌م ده‌ستان خۆش بێت.

كوردستان تیڤی/ كامران