به‌ ڤیدیۆ .. بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی یادی داستانی لۆمانا - زاویتە لە شاری دهۆک کرایەوە

رۆشنایی خستە بەرخودانی میلەتی کورد و شۆڕشی ئەیلول


رۆژی چوارشەممە 12ـی12ـی2018 بە ئامادەبوونی سەرۆک مسعود بارزانی رێوڕەسمی یادی 57 ساڵەی داستانی لۆمانا – زاویتە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو.

ئەم رێوڕەسمەکە لە لایەن  ستاڤی گۆڤاری "سەنگەر و پێشمەرگە" ڕێكخرابوو، تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەربازی و حزبی و ئیداری کوردستان و، ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان و خانەوادەی شەهیدان ئامادەی بوون.

لەو ڕێوڕەسمەدا سەرۆک مسعود بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا رۆشنایی خستە بەرخودانی میلەتی کورد و شۆڕشی ئەیلول و هەروەها یادی داستانی لۆمانا- زاویتەو، رایگەیاند، ١٢ـی ١٢ـی ١٩٦١ تەنیا رۆژێکی مێژوویی نییە، بەڵکو رۆژێکە مێژووی دروست کرد، لەو سەرکەوتنە گەورەیە ئەوە دووپات کرایەوە،ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت، سەرکەوتن مسۆگەرە،ئیرادەش لە هەموو چەکێک بەهێزترە.

لە درێژەی قسەکانیدا،سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە شۆڕشی ئەیلوول درێژەپێدەری شۆڕشەکانی پێشووی بوو، بەڵام شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو و لە چوارچێوەی ناوچەیی دەرچوو بوو، هەموو چین و توێژ و پێکهاتە و ناوچەکانی کوردستانی گرتبووەوە،ئیرادەو بڕوابەخۆبوونی لای مرۆڤی کورد دروست کرد.

سەرۆک بارزانی،قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگەشی لەئێستادا، بۆ ئەو گیانە بەرەنگاربوونەوەیە گەڕاندەوە کە لە شۆڕشی ئەیلوولدا چەسپا،کەئێستا کوڕو نەوەی پێشمەرگەکانی ئەو شۆڕشەئەم شانازییەیان پێ بڕاوە، نموونەشی بە سەرکەوتنی پێشمەرگە بە سەر تیرۆریستانی داعشدا هێنایەوە.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەرخودانی پێشمەرگە کردو، گوتی: ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە ئێستا خەڵکی کوردستان ئەم ژیان و ئازادییەی نەدەبوو، پێشمەرگە ئیسپاتی کرد هەر کات کەرامەتی وڵاتەكەی بکەوێتە مەترسییەوە، ئامادەیەخۆی لەپێناو نیشتماندا بەخت بکات.

سەرۆک بارزانی،ئاماژەی بە ژیانی سەربەرزانەدا، کە مرۆڤ دەبێت یان لەناو میللەتی خۆیدا بژیت، یاخود لەپێناو گەلەکەیدا خۆی بکاتە قوربانی. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو جێگەی شانازییە كە شاندە بیانییەكان و جیهانی دەرەوە بە بەرزی باسی پێشمەرگە دەكەن و قوربانیدانی بەرز دەنرخێنن.

سەبارەت بە رەوشی نوێی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆک بارزانی گوتی:

سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، لەبەر ئەوە بوو گەلی کوردستان پاداشی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پارتی دایەوە و، بەم پێیە پارتی لە هەردوو هەڵبژاردندا بووە حزبی یەکەمی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراقیش،و حكوومەتی نوێی عێراق سەرۆک بارزانی رایگەیاند: كە عادل عەبدولمەهدی كەسێكی تێگەییشتووەو بڕوای بە مافەكانی گەلی كوردستان هەیە و لەمێژەیە دەیناسم و لە پڕۆسەی سیاسیی تازەی عێراقدا پشتیوانیی دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین. ئێستا دەرفەتی تازە بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هاتۆتە ئاراوەو، هەمیشە هەوڵمان داوە کەمترین دەرفەت بۆ دیالۆگ لەدەست نەدەین.

سەرۆک بارزانی دوپاتیکردەوە: هەتا لە عێراقدا ماوین پێمان خۆشە  دۆست و پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین، هەمیشە دژی شەڕو توندوتیژین، بەڵام هیچ کات لەبەرامبەر هێزی زۆردار تەسلیم نابین. ئەوەیشی خستەڕوو كە ئومێدمان هەیە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن.

لە کۆتایی وتارەکەیەدا، سەرۆک بارزانی گەشبینی خۆی لەبارەی رەوشی نوێی هەرێمی کوردستان پیشاندا و رایگەیاند، رەوشێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوودا جیاوازە، ویستی ئەوەمان هەیە گۆڕانکاری و چاکسازی بەرفراوان بکرێت، پارتیش ئەو متمانەیەی کە گەلی کوردستان پێی داوە، بۆ خزمەتکردنی گەلەکەیبەکاریدەهێنێت.

هەر لەو رێوڕەسمەدا فیلمێکی دیکۆمینتاری لەبارەی داستانی (لۆمانا – زاویتە) نمایش کرا، دواتر (تابلۆی سەمای پێشمەرگە) لەلایەن ژمارەیەک کوڕو کچی هونەرمەندەوە پێشکەش کرا.