داعش 7 هه‌زار كه‌سی به‌ بارمته‌ گرتووه‌

هاووڵاتیانی سڤیل وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار دەهێنرێن

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لە چارەنووسی نزیكەی حه‌وت هەزار كەس راگەیاند كە لەناو پارێزگای دێرەزوور لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە بارمتە گیراون . 

میشێل باشلیە كۆمسیاری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی: لە بارودۆخی پارێزگای دێرەزوور نیگەرانین، پێش چەند هەفتەیەك لە بارودۆخی ئیدلب نیگەرانبووین بەڵام ئەمڕۆ دەبینن كە هاووڵاتیانی سڤیل زیاتر وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار دەهێنرێن .

هه‌روه‌ها گوتیشی: ئەو چەكدارانە بەردەوامن لە كوشتنی ئەو هاووڵاتیانەی كە گومانیان لێدەكەن پەیوەندیان بە هێزەكانی سوریای دیموكرات یان گروپەكانی ترەوە هەیە. شیاوی ئاماژه‌ پێدانه‌ باشلیە داواش لەسەرجەم گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن و حكومەتی سوریا دەكات كە رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی بگرنەبەر و سەرجەم هێزە چەكدارەكان لەناوچە مەدەنییەكان ببنە دەرەوە .