ڤیدیۆ .. توێژه‌رێكى كه‌ناڵی جه‌زیره‌ : هه‌ولێر ناوه‌ندێكى گرنگی بریاری سیاسیه‌ و سه‌رۆك بارزانیش سمبولى گه‌لی كوردستانه‌

له‌ پانێلێی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گه‌شه‌پێدان ڕایگه‌یاند

ئەنستیتۆی توێژینەوە و گه‌شه‌پێدان پانێلێکی بۆ توێژەر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی که‌ناڵی الجزیرە. (د. لقا‌و مبارک) له‌باره‌ی پێداچوونەوە بە مێژووی کورد و عەرەب لە دەوڵەتی عێڕاقدا، ڕێکخست.


لە پانێلەکەدا ھەریەک لە (فرسەت سۆفی، مەسعود حەیدەر، د. سەباح سوبحی، د. عبدالحه‌مید خه‌سرۆ ، حوسێن کوردنەژاد، ئەحمەد زاوێته‌یی) بەشداری گفتوگۆکە بوون.


‎له‌سه‌ره‌تای قسه‌کانیدا (د.لقا‌و مباره‌ک) ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، که‌ کێشه‌ی کورد و دۆزه‌که‌ی له‌ناوچه‌که‌دا نامۆ نیە، ڕوونه‌ که‌ ململانێیه‌کی درێژخایه‌ن و توندئاژۆ له‌نێوان کورد و عه‌ره‌بدا له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ هاتۆته‌کایه‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی لێکدوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌کی زۆر له‌نێوان هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌دا سه‌رهه‌ڵدات. ده‌بێ ئێستا دان به‌وه‌دا بنێین که‌ کوردستان هه‌رێمێکی نوێیه‌ و سه‌نگ و ڕێزیی سیاسی خۆی به‌پێی ده‌ستوور ده‌سته‌بەر کردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا ناکۆکی قوڵ هه‌ن، تا ئه‌وه‌ی له‌ سه‌روبه‌ندی ڕیفراندۆمدا توندووتیژی سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و ناکۆکییه‌ مێژووییه‌ بوو.

‎له‌سه‌رده‌می مالکیدا، بودجه‌ و موچه‌ی کوردستان بڕا، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ له‌سه‌رده‌می سه‌ددامیشدا ئه‌نجامنه‌درابوو، له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانیش سه‌ددام حوسێن هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌ پێدانی فۆڕمی خۆراک بەسەر ھاوڵاتیانی کوردستاندا، ئه‌وه‌ی ڕوویدا له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌ جیهاندا بوونی نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و دڵڕه‌قی بوو.

‎واده‌رده‌که‌وێ که‌ له‌دوای سه‌ردانه‌ نوێیه‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی، دۆخێکی نوێ هاتبێته‌کایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا پێش ڕیفراندۆمیش هه‌بوو، به‌ڵام دۆخی په‌یوه‌ندییه‌کان و جێبه‌جێنه‌کردنی ده‌ستوور هه‌ر وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.

لە گفتوگۆکەدا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق (مەسعود حەیدەر) لە سەرنجی تایبەتی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە مێژوودا، لە شۆڕشی شێخ ئەحمەدی بارزانییەوە تا سەرۆک بارزانی، زنجیرەی ناکۆکییە نەتەوەییەکان وەک خۆیانن. ئەوەی ھەیە ململانێی ویست و ئیرادە و مانەوەیە. لەدوای ٢٠١٠ەوە مالیکی بوو کە ھێمنایەتی تێکشکاند و لەڕێگەی ھەڕەشەکردن بە ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی فورات فشاری خستە سەر کوردستان، ئەوەش دوای ساڵی ٢٠٠٣ یەکەم دەستپێشخەری شەڕ بوو. کێشە سەرەکییەکەی عێراق ئەوەیە ھیچ سیاسەتکارێک ڕێز لە دەستوور و پرەنسیپەکانی ھاولاتیبوون ناگرن، عەقلییەتی سیاسەتی عێراقی زۆر دواکەوتوو و تەسکە، ئەوەش کێشەی نەک ھەر بۆ کورد بەڵکو بۆ پێکھاتەکانی دیکەش درووستکردووە. عێراق ناتوانێ دەستوور و یاسا جێبەجێبکات.

پەرلەمانتاری خوولی پێشووی کوردستان (فرسەت سۆفی) لە گفتوگۆکەدا ئاماژەی بەوەدا کە لە پێش ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ئەو مێژووەش ھەمان عەقڵییەتی خۆسەپاندن و ناکۆکی بوونی ھەبووە، بەڵام بەڕێگەی جیاواز. بۆیە ئەزموون ئەوە پیشاندەدات کە تا ئێستا و دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانیش، گەشبینییەکی بەگوڕ لە پەیوەندی کورد و بەغدا نابینرێت. ئەمە جگە لەوەی خودی کابینەکەی (عادل عەبدولمەھدی) بۆ بەردەوامی و بەھێزی، جێی متمانە نیە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، (د.سەباح سوبحی)، سەرنجی خۆی دەربڕی و گوتی : لە نێو پێکھاتەکانی عێراقدا جیاوازی و دابڕانی گەورە ھەن کە زادەی نەبوونی ھاوڵاتیبوون و یاساسەروەرین، ئەوەش کێشەی بونیادین و مێژووکردن، ئەوەش کار و کاردانەوەی لە گۆڕەپانێکی بێ متمانەدا درووستکردووە، پێشناچێ عێراقی نوێ کە خۆی لە کابینەکەی عەبدولمەھدیدا دەبینێتەوە، توانای بەسەر کێشەکاندا بشکێت. کێشەیەکی پەیکەری لە عێراقدا کێشەی ئابوورییە، جگە لەوەی بڕیاری سیاسی عێراق لە دەرەوە و لەژێر دەستتێوەردانی دەرەکیدا دێتەکایەوە.

بەرپرسی ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان (سەرۆ قادر) لە گفتوگۆکەدا بە پرسیاری ئەوەی: بۆچی لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا، بزووتنەوەیەکی ھزری و سیاسی نیە بۆ چارەسەری کێشەی پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب؟ بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت و دواتر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تاکو ساڵی ١٩٧٠ دەستەبژێرێکی سیاسی کاریگەر لە عێراقدا ھەبوو کە بە ڕاست و چەپ و نەتەوەییەکان و شیوعییەکان، کاریان دەکرد بۆ ناسین و پێناسەکردنی ئەو بەشەی پێیدەگوترێ کوردستانی عێراق، بۆ زانینی خواست و ویستەکانی، بەڵام لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئەو مێژووە، دەستەبژێری سیاسیی ئەکادیمیش لە عێراقدا کە لە دۆزی کورد تێبگات، کۆتاییدێت. ئەو دەستەبژێرەی دەیتوانی ڕای گشتی و ھۆشیاری گشتی لەوبارەوە درووستبکات. نائامادەیی ئەو دەستەبژێرە لە جڤاکی عێراقیدا، کێشەیەکی گەورەیە، سەرکردە سیاسییەکان دوای ساڵی ٢٠٠٣، لەسەر ڕێگەی حکومەتی بەعس و سەددام حوسێنی دوای ساڵی ١٩٩١ درێژەیان بە کاری سیاسی داوە، ئەوان قسەی سیاسی دەکەن کە بە درووشم پڕە لە خواستنی ڕێکەوتن و تەبایی، بەڵام لە ناواخنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆمەڵی عێراقیدا کار بۆ گواستنەوەی کێشەکە بەرەو چارەسەر ناکەن.

بینیمان لە دوای ساڵی ٢٠١٢ دا، سەرکردە شیعییەکان شەقامی عێراقییان لە دژی ھەرێمی کوردستان پڕکرد، پێش ئەوەش سەرکردە سونییەکان، شتێکی لەوە باشتریان پێشکەشنەکردبوو. بۆیە متمانە لەنێو پێکھاتەکانی کوردستاندا بەرانبەر بەغدا بوونی نیە، دەبێ ئەوە بزانین کە ھێرش و ڕاوەدوونانی کورد لە دوای ڕیفراندۆم بەھۆی بەرگری پێشمەرگە و فشاری نێودەوڵەتی وەستێنران. ئێمە جگە لە ئەیاد عەلاوی و عادل عەبدولمەھدی، لە ھیچ سیاسەتکارێکی دیکەی عێراقی و عەرەبی گوێبیستی پڕۆتستۆ و سەرزەنشتی ئەو ھێرشانە نەبووین. کێشە ئەوەیە گەر باسی چارەسەریش بکرێت، باس نەچۆتە سەر چارەسەری ڕیشەیی کێشەی نێوان کورد و عەرەب لە عێراقدا، ھەروەھا سیاسەتکارانی عێراقی ھۆشیاری لەمەڕ مافی چارەی خۆنووسینی کوردی لە شەقامی عێراقیدا پەخش ناکەن، ئەوەی ھەیە پڕکردنی کۆمەڵی عێراقییە لە دژی کوردستان بە کۆمەڵێ چەمکی مەزھەبی و وروژێنەر.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا توێژەر (لقا‌و مبارەک) باسی لەو بەربەست و کێشانە کرد، کە لەسەر پرسی سەربەخۆیی کورد دێنەکایەوە و ناکۆکییان لەسەرە، بەڵام دەبێ عێراق لەخۆی بپرسێ کە کورد بۆچی سەربەخۆیی دەوێت؟ ئەوەش ئەمە دەردەخات کە لێکتێنەگەیشتنێکی درێژی مێژوویی ھەیە لەنێوان کورد و عەرەب. ئێمە دەبێ دان بەوەدا بنێین دوای ٢٠٠٣، کوردستان سەرکەوتووتر و پێشکەوتووتر بووە لە عێراق.

ڕاشیگه‌یاند ، شاری سلێمانی تایبه‌ته‌، به‌ڵام هه‌ولێر ناوه‌ندێکی گرنگی سیاسییه‌ و بڕیارگه‌یه‌، ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێین که‌ پارتی ئێستا له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا یاریکه‌ری سه‌ره‌کییه‌ و حزبی یه‌که‌مه‌، ئه‌وه‌ش بۆ که‌سێتی سه‌رۆک بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ ڕه‌مزییه‌تێکی مێژوویی گرنگی هه‌یه‌

دواتر بەرپرسی ژووری ئابووری ئەنستیتۆ (حوسێن کوردنەژاد)، ئاماژەی بەوەدا زۆر گرنگە بزانین لەسەر چ ئاستێک شیکردنەوە بۆ ڕووداوی سیاسی دەکەین، ئایا لەڕووی جوگرافیای سیاسییەوەیە یان لەڕووی دیموگرافییەوەیە، یان کلتووری و سۆسیۆلۆژی، یان مێژوویی. بۆیە ئاستی شیکردنەوە زۆر گرنگە. ئێمە دەبێ ئەوە بزانین کە ئەو ڕووداوانەی نێوان کورد و عەرەب کە لەودواییانەدا ڕوویاندا شکستی فیدڕالیزمی عێراق بوو. چونکە بەغدا بەڕوونی لە کرۆکی فیدڕالیزم تێنەگەیشتبوو، لە ڕاستیدا ئەوەی لە بەغدا ھەیە، پێدانی دەسەڵاتە نەک دابەشکردنی دەسەڵات، کە ئەوەی دووەمیان فیدرالیزمە، ئەمەش بووبە ھۆی ئەوەی کورد پاڵی پێوەبنرێ بەرەو ڕیفراندۆم و خۆجیاکردنەوە ھەنگاو ھەڵێنێ، ئێمە کە گفتوگۆ دەکەین ئایا قسە لەسەر ڕاستیێتی شکستی پێکھاتەکانی عێراق ناکەین؟ بێگومان بەڵێ، ئەی ئایا دەمانەوێ بەردەوامی پێبدەین، یان بیوەستێنین؟ بۆیە پێموایە کاری ئێمەی ناوەندەکانی توێژینەوە ئەوەیە ڕێگەیەکی دیکەی سەرکەوتن و چارەسەر پیشانبدەین، ئەوەش بەوە دەکرێ سووربین لەسەر ڕێچکەی یاسا و دیالۆگ و درووستکردنی بنەمای سیاسی، ئەوکات ھەڵبژاردنی چارەسەر ئاسان دەبێت. سەرچاوەی سەرەکی گفتوگۆ دەبێ ئەوەبێ خەڵک خۆیان بڕیاربدەن، عێراق لە فیدرالیزمدا شکستی خواردووە، دەستوور جێبەجێ نەکراوە، کەواتە کورد حەقییەتی کە بیر لە ئایندەی خۆی دەکاتەوە، ئەو ئایندەش بە ھەڵبژاردنی گونجاوترین شێواز دەکرێ کە چۆن و چیان دەوێت. ئاسایشی مرۆیی کە خۆی لە بڕیاری خەڵکدا دەبینێتەوە، ڕێگەی درووست بۆ دەستەبژێری ڕۆشنبیران و توێژەران درووستدەکا تا ڕێچکەی ڕاستەقینەی کاری سیاسی پیشانی دەسەڵاتەکانیان بدەن، پێویستە ئێمە لێکۆڵینەوە لەوە بکەین کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فیزیکی پێکھاتەکانی عێراق لەو دۆخەدا چۆن بووە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە درێژە بە کوشتار بدەین یا ڕێی گفتوگۆ بگرین؟ بێگومان ڕێگەی دووەم.

شیاوی باسە لە تەواوی سیمینار و کۆتاییەکەیدا گفتوگۆیەکی دوورودرێژ و قوڵ لەنێوان قسەکەری سەرەکی و ئامادەبووانی گفتوگۆکەدا درووستبوو.

 
سه‌رچاوه‌ - ئه‌نیستیتۆی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان

شوان عه‌زیز