له‌ ئاهه‌نگێكدا 20 كه‌س له‌م شاره‌ی كوردستان به‌ ده‌ستڕێژی گولـله‌ بوونه‌ قوربانی

شه‌وی ڕابردوو به‌ هۆی ده‌مه‌قاڵی نێوان دوو میوان

شه‌وی ڕابردوو له‌ ئاهه‌نگێكدا له‌ شاری كرماشانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ هۆی ده‌مه‌قاڵی نێوان دوو میوان له‌ شاییه‌كدا شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ دروستبوو و به‌ هۆیه‌وه‌ 20 كه‌س بوونه‌ قوربانی.

ماڵپه‌ڕی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌ ، شه‌وی ڕابردوو له‌ یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی كرماشان له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه‌ كه‌سێك ده‌ستڕێژی به‌ناو خه‌ڵكدا كردووه‌ و به‌ هۆی ئه‌و ده‌ستڕێژیه‌شه‌وه‌ چوار كه‌س كوژراون و 16 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

ڕاشیگه‌یاندووه‌: شاییه‌كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی "چه‌مه‌ن"ی شاری كرماشان ڕووی داوه‌ و یه‌كێك له‌ میوانه‌كان كه‌ پێشینه‌ی شه‌ڕه‌نگێزی هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌ بووه‌ته‌ ده‌مه‌قاڵه‌ی و به‌ چه‌كی كڵاشینكۆف ده‌ستڕێژی له‌ میوانه‌كان كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا چوار كه‌س كوژراون و 16 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌م باره‌شه‌وه‌ مه‌نووچهر ئه‌مانوڵاهی، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كرماشان به‌ ئیسنای ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ كوژراوه‌كان سێ كه‌سیان پیاون و یه‌كیان ژنه‌ و برینداره‌كانیش بۆ نه‌خۆشخانه‌ ڕاگوێزراون.

شایه‌نی باسه‌ دوای گه‌یشتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پۆلیس سێ كه‌س ده‌ستگیر كراون، به‌ڵام بكوژه‌كه‌ تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.