شاندێکی حکوومەتی هەرێم به‌شدارى کۆنفرانسی پێکهاتە ئایینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ده‌كات

شاندێکی حکوومەتی هەرێم سەردانی فەڕەنسا دەکات

بەمەبەستی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی تایبەت بە ڕەوشی کریستیانەکان و پێکهاتە ئایینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی فەڕەنسا دەکات.

لەسەر داوای فەرمیی (ڤالێری پێکریس) سەرۆکی هەرێمی پاریسیان، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم سەردانی وڵاتی فەڕەنسا دەکەن. ئامانجی سەرەکی لەم سەردانەش بەشداریکردنە لە کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی کریستیانەکان و پێکهاتە ئایینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.


ئەم کۆنفڕانسە بە پشتگیری و چاودێریی هەریەکە لە لیژنەی کەمایەتییە ئایینەکان لەوانە کریستیانەکان لە پەرلەمانی فەرانسا، ئەنجوومەنی سێناتی فەڕەنسا، سەرۆکی بەشی کارووباری کریستیانەکان لە ئەنجوومەن کە ئەم گرووپە بە تایبەت لە سێنات و پەرلەمان چاودێری رەوشی کریستیانەکان دەکەن لە عێراق بەتایبەت ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان. هەروەها ژمارەیەک دیپلۆماتی عەرەب لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەشداری ئەم کۆنفڕانسە دەبن.

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلەکانی کۆنفرانسەکەدا وتاریان دەبێت. وتاری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تایبەت دەبێت بە رەوشی کەمایەتییە ئایینەکان بە گشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا کە پێشکەشی ئەندامانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە دەکرێت، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پاراستنی ژیانی کەمایەتییە ئایینەکان بە گشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی دەخرێتە روو. 

لەم راپۆرتەدا بە وردی باس لە هەموو ئەو هەنگاو و رێکارانە کراوە کە حکومەتی هەرێم بۆ خزمەتکردنی کریستیانەکان گرتوویەتییە بەر بۆ ئەوەی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بسەلمێندرێت کە هەرێمی کوردستان خاکی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەموو کلتوور و ئایینە جیاوازەکانە و هەمووان بەبێ جیاوازی دەتوانن لەسەر ئەم خاکە بژین.


دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە بەشداریکردنیان رایگەیاند: "لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی کانوونی یەکەم لە شاری پاریس کۆنفرانسەکە بەڕیوە دەچێت و ئامانجی سەرەکیی لە بەرێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە، ئیدانەکردن و خستنەڕووی تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانە دژی کەمایەتییە ئایینەکان بە گشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراقدا".