دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا

بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان


ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/12/2018، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ساز کرد، هەرچەندە چاوەڕێ دەکرا پرسی متمانەبەخشین بە هەشت وەزیری حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل حەبدولمەهدی بخرێتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان، ئەو پرسە نەخرایە بەرنامەی کارەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریەکانی هەڵبژارد.

محەمەدحەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیستی ناوی ئەو 28 کەسەی بۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق ناردووەتەوە بەمەبەستی چاوپێداخشاندنەوەی.

ئەگەرچی بڕیاربوو دەنگ بەو کەسانە بدرێت کە کاندیدکراون بۆ پۆستە وەزارییەکان بەڵام ئەو بڕگەیەی دانیشتنەکە دواخرا بۆ رۆژانی شەممە 7/12/2018 و یەکشەممە پەرلەمان درێژە بە دانیشتنەکانی دەدات.

ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە دەبنە وەزیر لە کابینەکەی عەبدولمەهدی، وای کردووە پەرلەمان نەتوانێت ئەو بڕگەیە لە دانیشتنەکانیدا تێپەڕێنێت.