ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

سەرۆكی پەرلەمان دەنگدان لەسەر كابینەی نوێ دەخاتەوه‌ كارنامەی پەرلەمان

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌شت وه‌زیره‌كه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ت كۆبووه‌وه‌، به‌ڵام ئاڵۆزی و كێشه‌ی زۆر له‌ نێوان فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان درووست بوو و نه‌توانرا ده‌نگدان بۆ ئه‌و هه‌شت وه‌زیره‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بدرێت و سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی كابینه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی پڕ بكرێنه‌وه‌ .

له‌ لایه‌كی دیكه‌ بڕیاره‌ كاتژمێر 12ی نیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌نگدان له‌سه‌ر ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ كارنامه‌ی كاری دا نییه‌، به‌ڵكو تاوتوێی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كرێت و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكیش سوێند ده‌خۆن. 

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ ده‌ست كوردستان تیڤی كه‌وتووه،‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ دوای ته‌واوبوونی رێژی یاسایی په‌رله‌مانتارانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سەرۆكی پەرلەمان دەنگدان لەسەر كابینەی نوێ بخاتەوه‌ كارنامەی پەرلەمان و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ دەنگی لەسەر بدرێت و یه‌كلایی ببێته‌وه‌.