سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادبوونی عەبدوڵڕەحمان ئاپۆ لە زیندان نیشاندا

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە عەبدوڵڕەحمان ئاپۆ دەكات

سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادبوونی عەبدوڵڕەحمان ئاپۆ لە زیندان نیشاندا و ڕاشیگەیاند كە جێگەی داخێكی زۆرە تێكۆشەرێكی وەك ئەو بەدەستی لایەنێكی كوردی بخرێتە زیندان، هیوای ئەوەیشی خواست کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد لە سوریا بێت.

ڕۆژی چوارشەممە 5ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كەسایەتیی سیاسیی كوردی سوریا و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان – سوریا عەبدوڵڕەحمان ئاپۆ كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادبوونی عەبدوڵڕەحمان ئاپۆ لە زیندان نیشاندا و ڕاشیگەیاند كە جێگەی داخێكی زۆرە تێكۆشەرێكی وەك ئەو بەدەستی لایەنێكی كوردی بخرێتە زیندان.

سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد لە سوریا بێت.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی سوریا و ڕەوشی كورد لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئاییندەی كورد لە سووریا، جەختی لەوە كردەوە كە خواستی ئێمە بۆ باشتربوونی كێشەی كورد لە سووریا شتێكی تر بوو، بەڵام بەهۆی ڕەفتار و بڕیاری تاكلایەنە و پێشێلكردنی ڕێكەوتننامەكانی نێوان لایەنەكان ئێستا بارودۆخێكی ئاڵۆز و تەمومژاوی و پڕ لە گرفت بۆ گەلی كورد لە سووریا هاتووەتە ئاراوە كە ئەمە جێگەی داخێكی گەورەیە بۆ هەموومان.