به‌ وێنه‌.. مامۆستایه‌كی ئاینی به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ستگیر كرا

له‌ نوێژی هه‌ینی هه‌فته‌ی ڕابردوو ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی حكومه‌ت ده‌ربڕیوه‌

به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ مامۆستایه‌كی ئاینی له‌ شاری بانه‌ به‌ تۆمه‌تی ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ستگیر كرا.

 دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی بانه‌ مامۆستایه‌كی ئایینی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌یان به‌ ناوی مامۆستا ”سه‌عید باقی“ كه‌ پێشنوێژی گوندی ته‌رخانئاوا بووه‌، به‌ هۆكاری ڕخنه‌ گرتن له‌ كوشتنی كۆڵبه‌رانی كورد له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ .

به‌ پێی زانیارییه‌كان مامۆستا سه‌عید باقی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ نوێژی هه‌ینی حه‌فته‌ی ڕابردوو ڕه‌خنه‌ی له‌ كوشتنی كۆڵبه‌رانی كورد گرتووه‌ و ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ له‌و باره‌وه‌ نێشان داوه‌، ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌.

شایه‌نی باسه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئاماری تۆماركراو له‌ ناوه‌ندی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی زایینییه‌وه‌، لانیكه‌م 5 كۆڵبه‌ر له‌ سنووره‌كانی بانه‌ كوژراون و 22 كۆڵبه‌ری دیكه‌ش بریندار بوون.

1