مایك پێنس: توانای ئێران له‌ پشتیوانیكردنی تیرۆرستانی ناوچه‌كه‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌

پێشبینیی ده‌كه‌ین كه‌ سزای نوێی دیكه‌ش بخرێته‌ سه‌ر ئێران

مایك پێنس جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا ده‌ڵێت توانا و ئامرازه‌كانی ئێران بۆ یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ تیرۆریستان و دوژمنانی ئیسڕائیل له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌م بووه‌ته‌وه‌  و هۆكاره‌كه‌ش بۆ سیاسه‌ته‌ ناوچه‌ییه‌كانی ترامپ و ئه‌و سزایانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی خستوویه‌ته‌ سه‌ر ئێران.

مایك پێنس له‌ وتارێكدا له‌به‌رده‌م جوله‌كه‌كانی دانیشتووی ئه‌مریكا وتی: ئه‌مریكا هه‌رگیز رێگه‌ نادات به‌ ئێران تا ده‌ستی بگات به‌ چه‌كی ئه‌تۆمیی.

جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌ وتاره‌كه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران ئه‌نجامی هه‌بووه‌ و تاران تاراده‌یه‌كی زۆر توانای پشتیوانیی و یارمه‌تیی خۆی بۆ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان ناوچه‌كه‌ له‌ده‌ستداوه‌.

هه‌روه‌ها به‌ وته‌ی مایك پێنس ئێران ده‌ستی له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ موشه‌كییانه‌یه‌ كه‌ حزبوڵڵا ده‌یانكاته‌ سه‌ر ئیسڕائیل.

جێگری دۆناڵد ترامپ جه‌ختیشی كرده‌وه‌: پێشبینیی ده‌كه‌ین كه‌ سزای نوێی دیكه‌ش بخرێته‌ سه‌ر ئێران و سزاكانی ئه‌مریكا له‌ دژی ئێران هیچكات ئه‌وه‌نده‌ی سزاكانی ئێستا قورس و به‌رفراوان نه‌بوونه‌.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ دی ده‌بڵیوو